ئەمڕۆ خولی نایابی کوردستان بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە لە گەڕی 18ـی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی کوردستان، چوار یاری لەسەر یاریگە جیاجیاکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.
 
یاری لوتکە بەیەکگەیشتنی یانەی هەولێر و یانەی سەیدسادقە، هەولێر دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ یونس سلێمانی راهێنەری دوورخستەوە و بژار ئەکرەمی ئەستێرەی پێشووی یانەکەی کردە سەرکردەی تیپی خولی کوردستانی یانەکە، بەهیوای راستکردنەوەی ئەنجامە خراپەکان، لە بەرامبەردا سەیدسادق لە یەکەم بەشداریکردنیدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە. 
 
بژار ئەکرەم، راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە وەک راهێنەر یەکەمجارە لەگەڵ یانەی هەولێر کار بکەم، بۆ ئەم یارییە کارێکی زۆرم بۆ بەرزکردنەوەی مۆراڵی یاریزانان کردووە بەشێوەیەک کە بتوانن ململانێ بکەن، لە هەفتەکانی داهاتوو تیپەکە دەگەیەنینە ئاستی رکابەریی یانەکانی دیکە". 
 
لە بناری سەفین یانەی شەقڵاوە دوای ئەوەی لە قۆناخی یەکەمدا ئاستێکی خراپی هەبوو، هەر بۆیە لە ماوەی گواستنەوەی زستانە گۆڕانکارییەکی زۆری لە پێکهاتەیەکدا کرد، هەفتەی رابردوو شەقڵاوەییەکان بە بردنەوە لە یانەی زاخۆ چوونە نێو رووبەڕووبوونەوەکانی قۆناخی دووەم، ئەمڕۆ یانەی شەقڵاوە بە پشتگیری هاندەرانی لە ئەرکێکی قورسدا یاری لەگەڵ سیروانی نوێ دەکات.
 
عوسمان خۆشناو، سەرۆکی یانەی شەقڵاوە لەبارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکە گوتی "هەموو کارێکمان بۆ سەرکەوتن و بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکە کردووە، داوا لە هاندەرانمان دەکەم ببنە یاریزانی ژمارە 12 لەم یارییەدا، ئێمە دەمانەوێت لە قۆناخی دووەم تیپەکەمان بێتەوە پلەکانی ناوەڕاستی ریزبەند و لە ناوچەی مەترسی دووربکەوینەوە". 
 
یانەی هەندرێن خاوەن نازناوێکی خولی نایابی کوردستان، وەرزی ئەمساڵ بە دروشمی بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە، لەنێو یاریگەی خۆیدا یاری لەگەڵ یانەی شێروانە دەکات، هەندرێن شەڕی 3 خاڵی یارییەکە دەکات لەبەرئەوەی بەجیاوازی خاڵێک لەپێش یانەی سیروانی نوێیە و پلەی پێشەنگی ریزبەندی وەرگرتووە. 
 
یانەی چەمچەماڵ دوای بەخشینی متمانە بە ئەرسەلان جەلالی راهێنەر ئەنجامەکانی بووەتە مایەی دڵخۆشی هاندەرانی، لەم گەڕەدا میوانداری یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە دەکات، وا چاوەڕواندەکرێت یارییەکی پڕ هاندەر بێت.