دیدێ دیشام: دوای وازهێنان لە فەرەنسا ژیان باشتر دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، وادەی بەجێهێشتنی هەڵبژاردەی فەرەنسای ئاشکراکرد و گوتی دوای وازهێنان لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، ژیانێکی باشم دەبێت.
 
دیشام لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا دەڵێ، "لە ساڵی 2021ەوە من لێرەم و تاوەکو 2026 لە کارەکەم بەردەوام دەبم، بۆ ئەنجامدانی مۆندیالی داهاتوو، بەڵام دوای ئەوە ئیدی دەبێ کۆتاییەک بۆ کارەکە هەبێت"
 
ئەو دووپاتیکردووەتەوە، "بەلای منەوە بڕیارەکە روونە، لە 2026دا دەڵێم ئیدی بەسە".
 
دیشام ئاشکرایکردووە بیری لەوەی نەکردووەتەوە لە دوای مۆندیالی 2026 گرێبەستەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا نوێبکاتەوە، دەڵێ، "کەس ناخوازێت کارێکی باش کۆتایی بێت، بەڵام دەبێ بزانیت کەی رادەوەستیت".
 
هەروەها دەڵێ، "دوای فەرەنساش ژیان بەردەوامە، نازانم چی تێدایە، بەڵام دەزانم و دڵنیام ژیانێکی باش دەبێت".
 
راهێنەری فەرەنسا زیاتر دەڵێ، "14 ساڵ لە سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەی فەرەنسا ماوەیەکی زۆرە، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە فەرەنسا لە لووتکەدا بمێنێتەوە بۆ چەند ساڵێکی دیکە".
 
دیشام، لەماوەی کارکردنی لە هەڵبژاردەی فەرەنسا، پێشەوایەتیی ئەو هەڵبژاردەیەی کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2018 و نەیشنسلیگی 2021، لە کاتێکدا یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022 و یۆرۆی 2016ی دۆڕاندووە.
 
هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یەکەمین یاریی خۆیدا لە ساڵی 2025، رووبەڕووی کرواتیا دەبێتەوە لە قۆناخی هەشت نەیشنسلیگ، لە مانگی سێی داهاتوو.