پەیامی ناسڕ خلێفی بۆ کیلیان ئێمباپێ
رووداو دیجیتاڵ
ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بۆ یەکەمجار لە دوای چوونە دەرەوەی کیلیان ئێمباپێ لە یانەکەی، پەیامێکی ئاراستەی ئەو یاریزانە کردووە.
سەرۆکی سانجێرمان کە هاوکات سەرۆکی دەستەی یانە پیشەگەرەکانی ئەورووپاشە، لەبارەی سوپەرلیگیشەوە قسەیکردووە و دەڵێ، ئەو پاڵەوانێتییە خەیاڵییە و تەنیا لە مێشکی هەندێک کەسی خەیاڵپڵاودایە.
خلێفی 51 ساڵ، لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی 'مارکا'ی ئیسپانی لەبارەی سوپەرلیگەوە، ئەو پڕۆژەیەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید پشتگیری دەکات، دەڵێ، "شتێک نییە بەناوی سوپەرلیگ، تەنیا لە مێشکی هەندێک کەسی خەیاڵپڵاو یان هەڵخەڵەتاودا نەبێت. بەوەشانی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بۆ پاڵەوانێتییەکانی و فیفا بۆ مۆندیالی یانەکان، ئیدی ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییە بووە کارێکی مەحاڵ".
سەرۆکی سانجێرمان هەروەها دەڵێ، "هیچ کەسێک پشتگیری پڕۆژەی سوپەرلیگ ناکات، نە هاندەران، نە یاریزانان، تەنانەت میدیاکانیش یان حکومەتەکانی کیشوەری ئەورووپا".
خلێفی دەڵێ، "ئەوەی لە پشتی ئەو پاڵەوانێتییە دەوەستێتەوە و پشتگیری دەکات، تەنیا دوو یانەن، هیوادارم رۆژێک لە رۆژان هەست بەهەڵەکەی خۆیان بکەن و بەخێرایی بگەڕێنەوە لامان لە دەستەی یانەکانی ئەورووپا".
ناسڕ خلێفی، هەروەها دەڵێ، "دەستەی یانەکانی ئەورووپا گۆڕاوە، پێشتر تەنیا بۆ یانە بژاردەکان بوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 700 یانەمان هەیە بەهەموو جۆر و قەبارەیەکەوە و لە هەموو ئەورووپادا. ئێمە بیر لەوە دەکەینەوە بازرگانیتر و ستراتیجی تری بکەین، هەروەها پەیوەندییەکانمان لەگەڵیان گەشە پێبدەین".
خلێفی قسەی پەردەپۆشکراوی زۆری ئاراستەی پشتگیریکەرانی سوپەرلیگ کردووە و دەڵێ، "دەبێ هەموو یانەکان پێکەوە کاربکەن لەپێناو بەرژەوەندیی تۆپی پێ، نەک بەرژەوەندیی تاکەکەسی و بەبوونی پەیوەندی باش، کاری زۆر باشتر دەکرێت لەوەی تەگەرە بخەیتە بەردەم کارەکان وئاژاوە بنێیتەوە، هەرلەبەرئەوە سوپەرلیگ شکستی هێنا و هەرگیز ناگەڕێتەوە".
خلێفی وەرزی رابردوو هەوڵی زۆریدا کیلیان ئێمباپێ بەهێشتنەوە لە یانەکەی رازی بکات، بەڵام ئەو ئەستێرەیە سووربوو لەسەر رۆیشتن بۆ ریال مەدرید و نەمانەوە لە سانجێرمان.
خلێفی کە یەکەمجارە لەبارەی کیلیانەوە قسە بکات، پاشچوونە دەرەوەی لە یانەکەی دەڵێ، "وەک چۆن هەمیشە هەر وامگوتووە، من هیوای سەرکەوتن بۆ کیلیان و هەموو ئەو یاریزانانە دەخوازم کە لە پاریس سانجێرمان یارییانکردووە".
ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید لە دۆخێکی باشدا نییە و رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان و هاندەرانی ریال مەدرید بووەتەوە، بەهۆی دەرنەکەوتنی بەئاستێکی بەرزەوە لە یارییەکانی یانەکەیدا.