دێربیی مێرسیساید دواخرا

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاربوو رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی پرێمەرلیگ بە یارییەکی مێژوویی و سەرنجڕاکێش دەستپێ بکەن و یانەی لیڤەرپوولی پێشەنگی ریزبەندیی خولەکە، لە دێربیی مێرسیسایددا رووبەڕووی یانەی ئێڤێرتۆن ببێتەوە. بەڵام بەهۆی خراپی کەش و هەوای شاری لیڤەرپوولەوە ئەو یارییە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
 
لیڤەرپوول بە ورەیەکی باشەوە بۆ ئەم یارییە گرنگە خۆی ئامادە کردبوو، کە یاریگەکەی تەنیا 1.7 کیلۆمەتر و سێ خولەک لە یاریگەی گودیسۆن پارکەوە دوورە، بەڵام دواخستنیشی لەوانەیە بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ کوڕانی ئارنی سلۆت باش بێت، چونکە پشوویەکی باش وەردەگرن، بەر لەوەی بۆ رۆژی سێشەممە گەشت بۆ ئیسپانیا بکەن، کە لە گەڕی سەشەمی چامپیۆنزلیگدا دەبنە میوانی جیرۆنای ئیسپانی.
 
لیڤەرپوول لە دۆخێکی زۆر باشدایە، کە لەم وەرزەدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا پێشانیداوە، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی نیوکاسڵ یەکسانبوو. رێدز پێشەنگی پرێمەرلیگە و بەجیاوازی 7 خاڵ لەپێش دووەمی ریزبەندییە و لە چامپیۆنزلیگیشدا لە 5 یارییدا 5 سەرکەوتن و 15 خاڵی هەیە و یەکەمی ریزبەندییە.
 
محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی یەکەمی رێدز چاوەڕێی یارییەکی تایبەت بوو، چونکە یاریزانەکە بە 13 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە و دەیەوێت ژمارەی گۆڵەکانی زیاتر بکات، بەرامبەر یانەی ئێڤێرتۆنیش فیرعەونە میسرییەکە لە 11 یارییدا 7 گۆڵی تۆمارکردووە و ئاسیستێکی هەیە، تەنیا دووجار بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕاوە و 5 سەرکەوتنی لەگەڵ رێدز بەدەستهێناوە.