بارسێلۆنا، ئەو یانەیەی لە پشتەوە خەنجەر لە راهێنەرەکانی دەدات


رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا قوربانیی 'ژینگە ژەهراوییەکەیەتی' ئەمە قسەیەکە پێشتر کرۆیڤ کردی، دواتر گواردیۆلا و چاڤی، بوونە قوربانی.
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئێستای مانچێستەر سیتی و پێشتری بارسێلۆنای ئیسپانی، دەڵێ، مەشقدانی بارسێلۆنا کارێکی ناوازەیە و زۆر سەرنجڕاکێشە، بەڵام "جەنگی نێوخۆیی زۆری تێدایە".
 
گواردیۆلا، دوای چوار ساڵ کارکردن لەو یانەیە، ساڵی 2012 بارسێلۆنای بەجێهێشت. ئەو هەموو نازناوەکانی لەگەڵ یانەکەدا بردەوە، پێپ بەو چوار ساڵە، لە یاریزانێکی ئەفسانەییەوە بووە راهێنەرێکی ئەفسانەیی، بەڵام هاوکات مێژووییش.
 
ئەگەرچی رۆژانی فەیلەسووف لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە، پڕاوپڕی سەرکەوتن، خۆشی و ئاهەنگگێڕان و پەسنی میدیاکان بوو، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی تیپەکە بەباشترینی سەردەمی خۆی دابنرێت، بەڵام ئەوە ئەو راستییە تاڵەی نەشاردەوە کە لە بارسادا لەپشتەوە خەنجەری ژەهراوی زۆر دەوەشێنرێت.
 
پێپ، وێڕای سەروەرییەکانی لەگەڵ یانەکە، پەنجەی لەسەر برینەکەدانا، ئەو دەڵێ، "لە بارسێلۆنا هەموو رۆژ و لە هەموو لایەکەوە، فیشەکت پێوەدەنێن. بەڵام بەئازارترینی ئەو فیشەکانە، ئەوانەن کە لەنێو یانەکە خۆیەوە دێن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "پیشەی مەشقدانی بارسێلۆنا بەڕەهایی، قورسترین کارە. راهێنەرایەتی ئەو یانەیە هەروابووە و هەر واش دەمێنێتەوە".
 
پێپ کە لە یەکەم وەرزی کارکردنیدا لەگەڵ بارسا، شەش نازناوی مێژوویی بەدەستهێنا، فیشەکە نێوخۆییەکان و چەقۆ ژەهراوییەکان زۆر ئازاریان داوە، ئەو دەڵێ، "هەندێکجار لە پشتەوە تەقەت لێدەکەن، لە یانەکانی دیکە دەزانی کێ و لەکوێوە تەقەت لێدەکات، بەڵام لە بارسا وانییە، لە پشتەوە دێن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "وردە شەڕی نێوخۆیی رۆژانە لە بارسێلۆنادا زۆر زۆرە، ناتوانی ئەو راستییە تاڵە بگۆڕیت و دەبێ بەردەوام لەگەڵیدا بژیت".
 
لێدوانەکانی گواردیۆلا ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە بەسەر راهێنەرانی دیکەدا هاتووە لە یانەکە، لە نێویاندا چاڤی هێرناندێز، ئەو ئەفسانەیەی وەک یاریزان، هەمووان خۆشیان دەویست، بەڵام مانگی دووی ساڵی رابردوو، ناچاربوو رۆیشتنی خۆی رابگەیێنێت لە مەشقدانی یانەکە، چونکە وەک هەندێک سەرچاوە دەڵێن، 'ژینگە ژەهراوییەکە'ی بارسێلۆنا وایکرد هەست بکات چیدی توانای بەردەوامبوونی نییە.
 
ئەوەی چاڤی تێیدا ژیا، بەئیسپانی پێیدەگوترێت Entorno، ئینتۆرنۆ.
 
یۆهان کرۆیڤ، کە یەکێکی دیکە بوو لە ئەفسانەکانی بارسێلۆنا، یەکەم کەسبوو ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا، کاتێک راهێنەری تیپەکە بوو لە 1992. ئەوکات کرۆیڤ لەژێر گوشارە بێوێنەکەی کارکردن لە یانەکەدا ئەو دەستەواژەیەی بەکارهێنا.
 
تۆنی رویز، کە بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی بارسێلۆنا بووە، دەڵێ، "لەوکاتەوە کرۆیڤ ئەو ناوەی لێناوە، دەستەواژەکە گەشەیئ کردووە و گەیشتووەتە ئاستێکی دیکە، ئێستا فراوانتر و ئاڵۆزتر بووە.
 
رۆیز ماوەی 26 ساڵ لە بارسێلۆنا کاریکردووە، ئەو لە ساڵی 1996 چووە یانەکە و لە 2021 بەجێیهێشت. لەو ماوەیەدا بووە بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی یانەکە.
 
رۆیز ئەزموونی زۆری لە بەشە جیاوازەکانی بارسێلۆنا هەیە، دەڵێ، "دۆخی بایەخ پێدان، گوشار و لێوردبوونەوەی دەرەوە کە لە یانەکە هەیە، وایکردووە ئەوە شتێکی نەبینراو لە هەموو جیهان بێت".
 
ئەو زیاتر دەڵێ، "کاتێک لە بارسێلۆنا لە هەر کەسێک دەبیستی وشەی ئینتێرنۆ بەکاردەهێنێت، ئەوە ئاماژە بۆ گوشاری تێکەڵەی هەموو ئەندامانی یانەکە، هاندەران، رۆژنامەڤانان و سەرۆکەکانی پێشووی یانەکە، بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار، یاریزانان و تەنانەت سیاسەتمەدارەکانیش دەکات کە لە هەرێمەکەدا هەن".
ئەو دەڵێ، "هەمووان لە چەندین رێگەی جیاوازەوە بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، لە میدیاکانەوە، لە سۆشیال میدیاوە، تەنانەت لە کۆبوونەوەی نافەرمیشدا".
 
بەسیاسیکردنی یانەکە
 
یەکێک لە هۆکارە بنچینەییەکان لە پشت هێزی 'ژینگە ژەهراوییەکە'ی نێو بارسێلۆناوە، پەیوەندی بەنموونەیی بوونە سیاسییەکەی یانەکەوە هەیە. ئەندامان سەرۆکی یانەکە هەڵدەبژێرن و بەربژێرەکان بۆچوونی خۆیان لەبارەی داهاتووی یانەکەوە دەکەنە کارنامە.
 
بەشێوەیەکی گشتی، هەر پێنج ساڵ جارێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە ئەنجامدەدرێت. لە دوایین هەڵبژاردندا لە ساڵی 2021، کۆی 55611 کەس دەنگیاندا، رێژەی بەشداری گەیشتە 50،42 لەسەد، خوان لاپۆرتا رێژەی 54،28 لەسەدی دەنگەکانی بردەوە، کۆی ئەوانەی دەنگیان بەودا، گەیشتە 30148 کەس.
 
ئەگەر لە یانەکانی دیکە هاندەران بۆیان هەبێت بۆچوونی خۆیان لەبارەی کاروباری یانەکەیانەوە بڵێن، لە بارسێلۆنا هاندەران کاریگەریی گەورەیان هەیە، ئەوەش وادەکات بەرگێکی سیاسی لەبەری یانەکەدا بێت.
 
مانگی رابردوو، میدیاکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڤیکتۆر فۆیس، دووەمی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 ئەنجامدا، ئەو باسی دۆخی یانەکەی کرد و بۆچوونی خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووەوە خستە روو.
 
سەرۆکایەتیی بارسێلۆنا و لۆبی
 
لە بارسێلۆنا، وا دادەنرێت کە سەرۆکایەتیکردنی یانەکە لە رووی مێژووییەوە دەبێتە هۆکارێکی بێوێنە بۆ بەدەستهێنانی ئەندازەیەکی زیاتر لە پێزانینی کۆمەڵایەتی و لۆبی، بەتایبەت لەسەر ئاستی کەتەلۆنیا، بەڵام ئێستا لەسەر ئاستی جیهانیش هەمان راستیی بەرجەستەیە.
 
جۆسیپ لویس نونێز، کە ماوەدرێژترین سەرۆکایەتیی بارسێلۆنای هەبووە لە مێژوودا لە نێوان 1978 تاوەکو 2000، لە هەمووان سوورتربوو لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتیی یانەکە، چونکە ئەویدەکرد بەدەستەبژێری کەتەلۆنیا.
 
نونێز، کە بزنسمانێکی سەرکەوتوو بوو، لە پاراکالدۆ لەدایکبووە لە هەرێمی باسک، بەڵام سەرۆکایەتی بارسێلۆنا هۆکارێک بوو بۆ بەدەستهێنانی ئاستێکی دیکە لە لۆبی و دۆست، کە هیچ کەسێکی ئاسایی ناتوانێت بەدەستی بهێنێت.
 
سەرۆکایەتیی یانەی بارسێلۆنا، بەشێکی زەبەلاح لە دەسەڵات بۆ خاوەنەکەی دەستەبەر دەکات، ئەمە جیا لەوەی لە رێگەی گەیشتن بەسەرۆکایەتی یانەکەدا، ئیدی گەمەی جەنگە سیاسییەکان بەرپا دەبن. ئەوکات هەمووان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان دەست بەچالاکی دەکەن، هەروەها هەر لایەنێکی رکابەر، ئەجێندای تایبەت بەخۆی هەیە و هیچ کامیان سڵ لەوە ناکاتەوە ئەجێنداکەی خۆی بەسەر ئەوانیدیکەدا بسەپێنێت، لەپێناو بەدەستهێنانی دەنگی هاندەرانی یانەکە.
 
جەنگی میدیایی
 
هەموو ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، کاریگەریی لەسەر پەیکەربەندیی بەشی راگەیاندنی یانەی بارسێلۆنا هەیە، کە چەندین بەرپرسی میدیایی پەیوەست بەیانەکە دەگرێتەوە، هەروەها فەرمانبەرانی نزیک لە تیمی یەکەم و ئەندامانی نزیکی بڕیاربەدەستانی یانەکە و ئەوانەی پەیوەندییان بە چالاکییەکانی تۆپی پێوە هەیە.
 
لاپۆرتا تیمێکی میدیایی تایبەت بەخۆی هەیە. لەسەرەتای وەرزی رابردوودا، چاڤی هێرناندێز، پەیامنێرێکی تایبەتی شارەزا لە دۆخی بارسێلۆنای بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میدیاکان دامەزراند.
هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەکە لەکاتی مەشقدانی بارسێلۆنا لەلایەن پێپ گواردیۆلاوە دەڵێ، "هەموو لایەنەکانی یانەکە پێیانوایە کە سوودبەخشە بۆیان ئەگەر پەیوەندی دیاریکراویان لەگەڵ میدیاکانی کەتەلۆنیادا هەبێت، هەروەها جۆرێک لە رایەڵە لەگەڵیان هەبێت تاوەکو خزمەت بە بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان بکات".
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، "لە بارسێلۆنا، دەبێ رۆژنامەڤانەکانیش هەندێک بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن. لەبەرئەوەشی هەر کەسە و لینکی پەیوەندی لەگەڵ لایەنێک لە لایەنەکانی یانەکەدا هەیە، هەندێک بۆنە هەیە کە دەکرێ تێیاندا هەندێک هەواڵی هەڵبەستراوی میدیاکان ئاشکرا بکرێت".
 
هەندێک لەوان دەڵێن، "کاتێک لە یانەکە بووین کارەکە زۆر ئاشکرابوو. مەبەستم ئەو هەواڵانە نییە کە بەبێ ئاگاداری ئێمە بڵاودەکرانەوە و راست بوون. بەڵکو باسی ئەو هەواڵە هەڵبەستراوانە دەکەم کە هەمووان لەبارەی یانەکەوە دەیزانن، بەڵام بڵاودەکرانەوە لەپێناو خاترگرتنی لایەنێک یان لێدان لە لایەنێکی دیکەی نێو یانەکە".
 
لەناوبردنی زانیارییە هەڵبەستراوەکان
 
رۆیز پێیوایە، "قەڵاچۆکردنی زانیارییە هەڵبەستراوەکان: گەورەترین جەنگ بووە کە دەبوو ئەنجامی بدات لەوکاتەدا کە لە بارسێلۆنا بووە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمەکەی گواردیۆلا لە بارسێلۆنا دەڵێ، "بنچینەکانی بەڕێوەبردنی یانەکە لە هەموو شوێنێک وەک یەکە" ئەو بنچینەیە بریتییە لەوەی "هەموو شت باشە کاتێک دەبەیتەوە، بەڵام کە دۆڕای، ئیدی کێشەکان سەرهەڵدەدەن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوەی بارسێلۆنا جیادەکاتەوە خاڵی خراپی کۆتایی هاتنی کاری سەرجەم راهێنەرەکانە لەگەڵ یانەکەدا. کاتێک پێپ لە یانەکە رۆیشت، کێشە لەنێو دەستەی کارگێڕیی یانەکەدا هەبوو لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی یانەکە، هەروەها پشێوی لە ژووری جلگۆڕیندا هەبوو، پشێوی لەگەڵ میدیاکان. زۆر زەحمەتە بەدڵخۆشییەوە لە یانەکە بڕۆیت، بەڵکو ئەستەمە ئەوکارە رووبدات".
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە چاڤی دەڵێ، ئەو زۆر کاریگەربوو بە قەبارەی ئەو رەخنانەی لێیگیران، پێیوابوو ئەستەمە لەبیریان بکات.
 
چاڤی هەموو ئەو هەواڵانەی دەخوێندەوە کە لەبارەی بارسێلۆناوە لە میدیاکان بڵاودەکرانەوە، هەر ئەوەش لەوانەیە بەشێک بێت لەو پاڵنەرانەی لە کۆتاییدا ئەویان بەرەو چوونە دەرەوە لە دەرگاکانی یانەکەوە هاندا، بەبێئەوەی روونکردنەوەیەکی ئاشکرا لەسەر ئەوە هەبێت، چی روویدا؟

 

فلیک لە کوێ دەبێت؟

ئێستا کە بارسێلۆنا وەرزێکی ناوازە لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەردا بەسەردەبات، خەنجەرە ژەهراوییەکە لە کوێدا پشتی ئەویش دەبڕێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە هەموو ئەوانەی شارەزای ململانێ شاراوەکەی نێو ژوورە تاریکەکانی بارسێلۆنان، لە خۆیانی دەکەن؟  
 
دەکرێ پرسیارەکە بەشێوەیەکی دیکە بێت، مانگە هەنگوینییەکەی نێوان فلیک و بارسا کەی کۆتایی دێت؟ ئایا ئەو ئاستە باشەی تیپەکە هەیەتی و هەمووان تێیدا دڵخۆشن، تاوەکو کوێ بەردەوام دەبێت؟
 
ئەگەر لە یانەکانی دیکەدا، بردنەوەکان پەردەپۆشی هەموو خراپییەک بکەن و شکستەکان، راستییەکان رووت بکەنەوە، لە بارسا، شکست هیچ کەسێک هێندەی راهێنەر رووت ناکاتەوە و هەرزوو دەیخاتە بەردەم رەشەبای ئەو دەستانەی لە پشتەوە، لەنێو یانەکەدا، بەشوێن بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.