وێنە و ڤیدیۆ؛ شێرکۆ کەریم یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی کوێتی کوێتی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کورد و پێشووی یانەی هەولێر یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی کوێتی کوێتی بردەوە و بوونە پاڵەوانی جامی سوپەری کوێت.
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی کوێت لە یاریگەی جابر ئەحمەد بەرامبەر یانەی ئەلکازمە یارییکرد، شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کورد لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا یارییکرد و هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ بردنەوەی یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری کوێت.
 
دوای تەنیا 5 خولەک یارییکردن، تەها یاسین ئەلخنێسی، ئەستێرەی تونسی، بەلێدانی سزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی کوێت تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 11 عومەر حبەیتەر ئەنجامەکەی بۆ کازمە یەکسانکردەوە.
 
یارییەکە تاوەکو دوایین ساتەکان بەیەکسانبوون بەردەوامبوو، بەڵام لە خولەکی 89 مەهدی بەرحمە گۆڵێکی جوانی بۆ یانەی کوێت تۆمارکرد، یانەکە یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و بۆ جاری شەشەم نازناوی جامی سوپەری کوێتی بردەوە و ریکۆردی یانەی قادسیەی یەکسانکردەوە.
 
ئەم نازناوە دەبێتە یەکەم نازناوی شێرکۆ کەریم، یاریزانی کورد لەگەڵ یانەی کوێتی کوێتی.