دالکورد بەرامبەر تیپەکەی ئیبراهیمۆڤیچ یارییدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دالکورد لە بەردەم یارییەکی گرنگدایە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ و نزیکبوونەوەی زیاتر لە گەڕانەوە بۆ خولی پلە یەکی سوێد، ناسراو بە سوپێرتان.
 
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:00 یانەی دالکورد لە رکابەرییەکانی گەڕی 28ـی خولی ئێتان نۆرای سوێد، میوانداریی یانەی هاماربی تالانگ دەکات، دالکورد پێویستییەکی زۆری بەبردنەوەی ئەم یارییە هەیە بۆ ئەوەی جێگەی خۆی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە بەهێزبکات و زیاتر لە گەڕانەوە بۆ سوپێرتان نزیکببێتەوە.
 
دالکورد لە کاتێکدا ئەم یارییە دەکات، لە دوایین شەش یارییدا بەرامبەر ئەم یانەیە نەدۆڕاوە و تەنیا سێ گەڕیش ماوە خولەکە کۆتاییدێت.
 
یانە کوردییەکەی سوێد لە 27 یاریی ئەم وەرزەدا 16 بردنەوە، 7 یەکسانبوون و 4 دۆڕانی هەیە، تیپەکە 58 گۆڵی تۆمارکردووە، 36 گۆڵی لێکراوە و بە کۆکردنەوەی 55 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
رکابەری دالکورد کە یانەی هاماربی تالانگە و زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ خاوەنی یانەکەیە و سەر بە یانەی هاماربیی بەشدار لە خولی نایابی سوێدە، ئێستا هاماربی تالانگ لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولی ئێتان نۆرایە و خاوەنی 25 خاڵە.