هەموو یاریزانانی کەتەلۆنیا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەردەکرێن

رووداو – هەولیر

خافیێر تیباس سەرۆکی لالیگای ئیسپانیا، باسی چارەنووسی یانەکان و یاریزانانی کەتەلۆنیا دەکات و هەرەشەییان لێدەکات لە کاتی جیابوونەوەیان لە هەموو چالاکییەکی وەرزشی ئیسپانیا بێ بەرییان دەکات.

سەرۆکی لالیگا لە ئەگەری جیابوونەوەی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا چارەنووسی پەیوەندی وەرزشی هەرێمەکە لەگەڵ ئیسپانیا بۆ رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی روونکردووەتەوەو دەڵێت" کاتێک کەتەلۆنیا جیابوونەوەی خۆی لە ئیسپانیا رابگەیێنێت، راستەوخۆ هەرسێ یانەی بارسێلۆنا، ئیسپانیۆڵ و خیرۆنا لە لالیگا دەردەکەین و یانەی تاراگۆناش لە پلەی دووەم دەکرێتە دەرەوە، هەروەها تەواوی تیپەکانی دیکەی لە خولە جۆراوجۆرەکانی دیکەی وەرزشی ئاوت دەکەین، چونکە بەپێی یاسا رێگە بەهیچ یانە و تیپێک نادرێت لە دەروەی چوارچێوەی نەخشەی سیاسی ئیسپانیا بەشداری لە چالاکی وەرزشی نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا بکات".

سەبارەت بە چارەنووسی ئەستێرەکانی کەتەلۆنیا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا، تیباس گوتی" دوای جیابوونەوە بەبێ چەند و چۆن هەموو ئەستێرەکانی کەتەلۆنیا لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەردەکەین و هەرچەندە ئەو یاریزانانە ئینتیماشیان بۆ هەڵبژاردەکە و تەواوی گەلی ئیسپانیاش هەبێت".

سەبارەت بە یاریی نێوان بارسێلۆنا و لاس پالماس کە لە رۆژی گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیا ئەنجامدرا، بەرپرسانی بارسێلۆنا داوای دواخستنیان کرد، بەڵام لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا و بە راوێژکردن لەگەڵ ئێمە داواکەمان رەتکردەوەو بڕیارماندا بەبێ هاندەر یاریی بکەن، بۆ ئەوەی کاری ئاژاوە گێری روونەدات و ئەگەر بارسا یارییەکەی ئەنجامنەدابایە، ئەوا راستەوخۆ 3 خاڵمان لێکەمدەکردەوە.