ڤیدیۆ؛ موش سپۆر بە گۆرانی کوردی درێسە نوێیەکانی دەناسێنێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی موش سپۆری باکووری کوردستان، بە گۆرانی فۆلۆکلوری کوردی درێسە نوێیەکانی بۆ وەرزی نوێ راگەیاند.
یانەکە لەسەر لاپەرەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیادا، ساتی ناساندنی درێسەکانی تیپی تۆپی پێی یانەکەی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵ دیمەنەکاندا گۆرانی بەنێوبانگی "چوومە موشێ" دانراوە کە لەلایەن هونەرمەند ئەرۆل بەرخۆدانەوە گۆرانییەکە گوتراوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی نوێی رکابەرییەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی تورکیا، زۆرینەی یانە بەشدارەکانی باکووری کوردستان بە گۆرانی و کولتووری کوردستانەوە درێسەکانیان دەناسێنن، ئامەدسپۆر، وانسپۆر، باتمان سپۆر، مێردین سپۆر و موش سپۆر دیارترین ئەو یانانەن کە ئەم کارەیان کردووە.
ئەم هەنگاوەی یانە کوردستانییەکانی باکووری کوردستان، کاردانەوەی گەورەی لە سۆشیاڵ میدیادا دروستکردووە و هاندەران پێی دڵخۆشن.
موش سپۆر لە بەشی کۆتایی ناساندنی درێسەکانی گۆرانیی "کەچا کوردان"ـی داناوە کە ئەویان لەلایەن شڤان پەروەر هونەرمەندی گەورەی کوردەوە گوتراوە.
موش سپۆر یانەیەکی دیاری باکووری کوردستانە، یانەکە لە رکابەرییەکانی خولی پلە سێی تورکیادا یاری دەکات، ئەمڕۆ یەکەم یاریی ئەنجامدەدات و لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی قەهرەمان مەرەش یاری دەکات.