ئەمڕۆ هەڵبژاردەی عێراق لە تایلەند یاری هەیە
رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی شای تایلەند دەکات، کە ئەمڕۆ لەو وڵاتە دەستپێدەکات و کاژێر 13:30 بە کاتی باشووری کوردستان یاریی عێراق و هیندستان ئەنجام دەدرێت.
ئەم پاڵەوانێتییە بە بەشداری هەڵبژاردەکانی عێراق، تایلەند، هیندستان لەگەڵ لوبنان بەڕێوەدەچێت، کە یارییەکانی ئەمڕۆ دەستپێدەکەن و چوار رۆژ دەخایەنێت، هەڵبژاردەی عێراق وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەشداری پاڵەوانێتییەکەی کردووە.
خیسۆس کاساس، راهێنەرە ئیسپانییەکەی هەڵبژاردەی عێراق، بووەتە جێگای ئومێدی هاندەرانی هەڵبژاردەکە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لەبەرئەوەی لەگەڵ دەستبەکاربوونی نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، بەڵێنیداوە عێراق بگەیەنێتە یارییەکانی مۆندیال.
هەڵبژاردەی عێراق دوو هەفتە لەنێو کەمپێکی ناوخۆیی لە شاری بەغدا بوو، یەکەم یاری هەڵبژاردەی عێراق لە جامی شای تایلەند لەگەڵ هەڵبژاردەی هیندستانە.
جامی شای تایلەند پاڵەوانێتییەکی دۆستانەی ساڵانەیە و لە 1968 بەردەوام یارییەکانی بەڕێوەدەچن، هەڵبژاردەی تایلەند خاوەن 15 نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و دوایین نازناویش هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا بردییەوە.
عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "ئێمە کار بۆ گەیشتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکانی مۆندیال دەکەین، بەرنامە و پلانێکی دەوڵەمەندمان لەگەڵ کاساسی راهێنەر داڕشتووە و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دەکەین".
عێراق بەر لە چوونە نێو تاقیکردنەوەی یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیال بەشداری پاڵەوانێتیی ئوردنی نێودەڵەتی دەکات.
پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ جامی شای تایلەند بەمشێوەیە: فەهد تاڵب، جەلال حەسەن، ئەحمەد باسل، عەلی عەدنان، ئەحمەد یەحیا، رێبین سولاقا، ماسیس ئەرتین، ئوسامە رەشید، حوسێن عەلی، ئەمین حەموودی، ئیبراهیم بایش، فرانس بترس، ئەندریە سناتی، بەشار رسن، مێرخاس دۆسکی، ئەمجەد عەتوان، ئەمیر عەمماری، حوسێن عەلی، ئەحمەد فەرحان، باشانغ عەبدوڵڵا، عەلی حەممادی، زێدان ئیقبال، ئەیمەن حوسێن.
هەڵبژاردەی عێراق لە مێژووی خۆیدا جارێک بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە کە لە 1986 بوو، عێراق لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی مەکسیک ماڵئاواییکرد و تاکە گۆڵی عێراقیش لە مۆندیال ئەحمەد رازی تۆماریکردووە.