کۆنتی: بە چەند مەرجێک نازناوی پرێمەرلیگ دەبەینەوە

رووداو – هەولێر

ئانتۆنیۆ کۆنتی ئیتالی و بەڕێوەبەری هونەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی رایگەیاند، پلانیان هەیە بۆ جاری دووەم لەسەریەک ببنەوە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.

کۆنتی بە رۆژنامەی میرەری بەریتانی راگەیاندووە، هیچ تیپێک نییە حەزی بە دۆڕان بێت، بۆیە ئەرکمان ئاسان نییە، ئێمە دەمانەوێ وەک وەرزی رابردوو سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن تۆماربکەین، بەڵام لەکاتێکدا کە پاڵپشتی تەواوی کارگێڕی یانەکە و هاندەرانمان هەبێت، هەروەها یاریزانەکان بەهەمان رۆحی وەرزی رابردوو یاریی بکەن.

کۆنتی روونیکردەوە، من شەوانە ناخەوم خەون بە بردنەوەی نازناوەکان ببینم، بەڵکو کاری بۆ دەکەین ، پلانی بۆ دادەڕێژین، باوەڕی تەواومان بە خۆمان هەیە و ئامانجەکانمان دەپێکین.

ئانتۆنیۆ کۆنتی سەرەتای وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ راهێنەرایەتی چێڵسی گرتەدەست، لەکاتیکدا چێڵسی یەکێک بوو لە خراپترین تیپەکانی خولەکە، بەڵام توانی ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خولەکە تۆمابکات و نازاوەکە بباتەوەو یانەکە بگەیێنێتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.