گرێبەستە نوێیەکانی ئاتلێتیکۆ، ئاماژەن بۆ ستایلێکی جیاوازی یاریکردن لە یانەکەدا


رووداو دیجیتاڵ

بەئەنجامدانی چەند گرێبەستێکی هێرشبەرییانەی بەهێز، پێشبینیکراوە وەرزی داهاتوو، یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید جیا لە دەرکەوتن وەک تیپێکی رکابەر لەسەر نازناوی لالیگا، ستایلێکی هێرشبەرییانەی بەهێز پێشکێش بکات و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانەکە، دەستبەرداری فەلسەفەی تووندی بەرگریکەرانی خۆی ببێت.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بەقورساییەکی زۆرەوە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا کاردەکات و جیا لە راگەیاندنی چەند گرێبەستێک، یانەکە نزیکە لە یەکلاکردنەوەی کڕینی چەندین یاریزانی دیکە، کە توانای هێرشبەرییانە لە تیپەکەدا زۆر بەرەو پێش دەبەن.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بە قۆناخی نوێبوونەوەدا تێدەپەڕێت، یانەکە جیا لە هێنانی چەند یاریزانێکی گەورە، رۆیشتنی چەندین یاریزانیشی لە ریزەکانی راگەیاندووە. بەشی زۆری یاریزانە رۆیشتووەکان، یاریزانانی بەتەمەنن.
 
یاریزانە رۆیشتووەکان
 
دیارترین یاریزانی رۆیشتوو لە تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی لە هاوینی ئەمساڵدا، ئالڤارۆ مۆراتای هێرشبەری ئیسپانی بوو کە یانەکەی بەجێهێشت و  رووی لە میلان کردووە بەرامبەر 13 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها کاجلار سۆیونچو بە دەستەوارەیەکی 8.5 یۆرۆیی رووی لە فەنەرباهچەی تورکی کردووە.
 
یاریزانە رۆیشتووەکانی دیکەی یانەکە بریتین لە ستیڤان ساڤیچ، کە بە خۆڕایی رووی لە ترابزۆنسپۆری تورکی کردووە. هەروەها گابریێل پاولیستا کە بەخۆڕایی پەیوەندی بەبێشکتاشی تورکییەوە کردووە. ئەمە جیا لە سائول نیگوێز کە بە خۆڕایی بووە یاریزانی سیڤییا.
 
پێدەچێت ژمارەیەک یاریزانی دیکە لەنۆرەدابن بۆ چوونە دەرەوە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید. هەریەکە لە 'دێپای، هێرمۆسۆ و ڤیتۆلۆ' گرێبەستەکانیان نوێنەکراوەتەوە و یانەکە ویستی بەردەوامبوونی ئەو یاریزانانەی نییە و لە ئێستادا بێ یانەن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، سامو ئۆمۆرۆدیۆن، بەرامبەر بە 35 ملیۆن یۆرۆ روو لە یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەکات. ئەمە جیا لەوەی کە ئاتلێتیکۆ سوورە لەسەر رۆیشتنی جواو فیلێکسی هێرشبەری یانەکە کە دوای وەرزێک خواستن لە بارسێلۆناوە گەڕاوەتەوە و پێناچێ چیدی سیمیۆنی پشتی پێ ببەستێت.
 
رۆیشتنی یاریزانان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید، چەندە بەئاراستەی دوورخستنەوەی یاریزانانی بەتەمەنە، ئەوەندەش بەئاراستەی نوێکردنەوەی تیپێکە کە دەیەوێت وەرزی داهاتوو بەستایلێکی نوێوە کێبەرکێ لەسەر نازناوەکان بکات.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید تاوەکو ئێستا گرێبەستی دوو یاریزانی راگەیاندووە و کارکردن لەسەر کۆمەڵێک گرێبەستی دیکە بەردەوامە.
 
گرێبەستە فەرمییەکانی ئاتلێتیکۆ
 
تاوەکو ئێستا، ئاتلێتیکۆ بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ هەریەکە لە لێ نۆرماندی یاریزانی ریال سۆسیێداد یەکلاکردووەتەوە کە گواستنەوەکە 34،5 ملیۆن یۆرۆ لەسەر یانەکە کەوتووە. هەروەها بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەلێکساندەر سۆلرۆس راگەیاندووە کە بە گرێبەستێکی 32 ملیۆن یۆرۆیی رووی لە یانەکە کردووە.
 
بازاڕی گواستنەوەی یاریزانەکان بۆ ئاتلێتیکۆ نەوەک هەر کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵکو لە لووتکەی ئەنجامدان و کارکردندایە. ئەو یاریزانانەی ناویان لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید بەستراوەتەوە و یانەکە نزیکە لە کۆتاییهێنانی گرێبەستەکانیان بریتین لە کونۆر گالاگێر، کە سەرچاوەکان دەڵێن  ئاتلێتکۆ مەدرید پەیوەندییان بە یانەی چێڵسیەوە کردووە و رێککەوتوون لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە، ئەوەی ماوە رازیبوونی یاریزانەکەیە.
 
خاڤی گوێرا، ناوەڕاستکاری یانەی ڤالێنسیا وەک بژاردەی دووەم دادەنرێت ئەگەر گواستنەوەی گالاگێڕ سەرکەوتوو نەبێت. بەڵام ئەوەی گرنگترینە، هەواڵی گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێزە بە گرێبەستێک کە نرخەکەی بە نزیکەی 95 یۆرۆ خەمڵێنراوە و زۆربەی سەرچاوەکان پشتڕاستیدەکەنەوە و تەنیا راگەیاندی فەرمیی ماوە.
 
فەلسەفەی نوێی سیمیۆنی
 
گواستنەوەکانی تاوەکو ئێستای ئاتلێتیکۆ، ئاماژەن بەوەی کە دیێگۆ سیمیۆنی، لەمساڵدا بە شێوازێکی نوێی هێرشبەرییەوە یاری بکات، راهێنەری یانەکە ئەو کەرەستانەی لە بەردەستدایە بتوانێت سەرکەوتوو بێت لە شێوازی هێرشبەرییانەی نوێی تیپەکەی.
 
ئەوەی گرنگ و جیاوازە لە ئاتلێتیکۆی ئەمساڵ، بەهێزی و جۆراوجۆریی بژاردە هێرشبەرییەکانی ئەو یانەیەیە. هێڵی هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید پێکدێت لە 'سۆلرۆس، گریزمان، کۆریا، فێلیکس، ساموێل لینۆ، ریکێلمی، سیمیۆنی و جولیان ئەلڤارێز'.
 
ئەم کەرەستانە لە هەر یانەیەک بەردەست بن پێشبینی دەکرێت زۆر هێرشبەرییانە یاریی بکات و ژمارەی گۆڵەکانی لە وەرزی داهاتوودا، زۆر بەرز و سەرنجڕاکێش بن.
 
پێدەچێ بیرۆکە نوێیەکانی سیمیۆنی بۆ گۆڕینی ستایلی تیپەکەی، لە وەرزی رابردوو یان پێشترەوە سەریانهەڵدابێت. بەتایبەت کە تیپەکە لە وەرزی رابردوودا، ئاستێکی هێرشبەرییانەی بەرچاوی پێشکێشکرد، بەڵام تیپەکە بەهۆی کەمیی کەرەستە و نەگونجانی تەواوەتی لەگەڵ بیرۆکەکانی سیمیۆنیدا، نەیتوانی وەک پێویست ئامانجەکە بەدی بهێنێت.
 
بەگەڕانەوە بۆ چەند وەرزی رابردوو دەردەکەوێت لە دوایین دوو وەرزدا، تیپەکەی سیمیۆنی ویستی زیاتری هێرشبەرییانەی پێشاندابێت. لە دوایین دوو وەرزی لالیگادا، ئاتلێتیکۆ مەدرید لە هەر وەرزێکدا 70 گۆڵی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە وەرزەکانی پێشتردا ژمارەی گۆڵەکانی تیپەکە زۆر لەوە کەمتر بوون.
 
کارکردنی سیمیۆنی بۆ گۆڕینی شێوازی یارییکردنی تیپەکە و هاتنە دەرەوە لە ژێر بیرۆکەی بەرگریی تووند و پەنابردنە بەر ستایلی هێرشبەرییانە، پێویستیان بەیاریزانی هێرشبەریی باش و کاریگەر هەیە، ئاتلێتیکۆ بۆ وەرزی داهاتوو ئەو کەرەستانەی دەبێت و ئیدی گرەوەکە لەدەستی سیمۆنیدا دەمێنێتەوە تاوەکو هەمووان لە قاڵبی تیپێکی بەهێز و هێرشبەریدا کۆبکاتەوە.