یوڤێنتوس کیێزا هەرزانفرۆش دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوس لەبەر هۆکارێکی سەیر بڕیاریداوە کە فیدریکۆ کیێزا بە نرخێکی هەرزان بۆ فرۆشتن دابنێت
 
کیێزا، ئەو یاریزانەی هەموو جیهانی سەرسامکرد لە تەمەنی 22 ساڵیدا کاتێک سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیای کرد بۆ بردنەوەی یۆرۆی 2020، بە شێوەیەک کە راهێنەر، ئەلیسیۆ تاچیناردی رایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکات کیێزا، بتوانێت لای کەم بالۆندۆرێک بەدەستبهێنێت لە 4 ساڵی داهاتوودا.
 
بەڵام پێکانە یەک لە دوای یەکەکان و هەڵسوکەوتی راهێنەری پێشووی یوڤێنتوس ماسیمیلیانۆ ئالێگری، وایانکرد ئەستێرەی ئەو یاریزانە بەهرەدارە بکوژێتەوە.
 
لەگەڵ هاتنی راهێنەری نوێی یوڤێنتوس، تیاگۆ مۆتا، کێشەکان زیاتر بوون، ئەو راهێنەرە بە بەڕێوبەری کارەکانی کیێزای راگەیاندووە کە لە پلانیدا نییە پشت بە کیێزا ببەستێت و بە زووترین کات یانەیەکی بۆ بدۆزێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە گرێبەستەکەی کیێزا لە ساڵی 2025 کۆتایی دێت و ئەو یاریزانە دەیەوێت بە خۆڕایی روو لە ئینتەر میلان بکات.
یانەی یوڤێنتوس نایەوێت تواناکانی کیێزا بە خۆڕایی لە دەست بدات و دەیەوێت ئێستا بیفرۆشێت، هەر بۆیە یانە ئیتاڵییەکە نرخی ئەو یاریزانەی لە بازاڕی گواستنەوەدا بە 15 ملیۆن یۆرۆ دیاریکردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رێگەدان بە رۆیشتنی بەو نرخە.
 
سەرەڕای ئەو نرخە کەمە، تا ئێستا هیچ یانەیەکی گەورەی ئەوروپا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ کڕینی فێدریکۆ کیێزا