ڤیدیۆ؛ ئەو یاریزانەی 5 ئۆڵیمپیادە لەسەریەک میدالیای زێڕ دەباتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی کۆبا مێژووییەکی گەورەی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا تۆمارکرد و بۆ جاری پێنجەم لەسەریەک میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی یاریی زۆرانبازیدا و لە کێشی 130 کیلۆگرامدا، میهاین لۆپێز نونێز، یاریزانی کۆبی توانیی پلەی یەکەمی یارییەکە و میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیادی پاریسدا بباتەوە.
 
لە یاریی کۆتایی رکابەرییەکەدا، لۆپێز رووبەڕووی یاسمانی ئاکۆستای چیلی بووەوە و توانیی یارییەکە بە 6-0 لە بەرژەوەندی خۆی تەواو بکات و پارێزگاری لە میدالیای زێڕ بکات.
 
نونێز تەمەنی 41 ساڵە، بەبردنەوەی میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی پاریس بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی زۆرانبازیدا پێنج میدالیای زێڕ لەسەریەک بباتەوە.
 
یاریزانەکە بۆ یەکەمجار لە ئۆڵیمپیادی 2004ـی ئەسینا دەرکەوت، ئەو کاتە پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، بەڵام دوای ئەوە کۆنتڕۆڵی رکابەرییەکانی یارییەکەی کرد.

 
لۆپێز نونێز، میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی 2008ـی بەیجین، 2012ـی لەندەن، 2016ـی ریۆ دی جانیرۆ، 2020ـی تۆکیۆ و 2024ـی پاریس بەدەستهێناوە.
لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی جیهاندا، خاوەنی 8 میدالیای زێڕە و لەسەر ئاستی کیشوەری ئەمریکاش لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی پان ئەمریکادا 15 میدالیای بەدەستهێناوە کە 14 میدالیای زێڕ و یەکێکیان زیوە.