پێپ گواردیۆلا: کەس مەرجی بۆ دانەناوم

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دووپاتیکردەوە کە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ هەرگیز مەرجێک نییە بەسەریاندا سەپاندبێت، گوتیشی "تەنیا دەمەوێت تیپەکەم یارییەکی جوان بکات".
 
راهێنەری ئیسپانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، گوتی "ژیان و کاروانم پشت بەوە نابەستێت کە دەبێت چامپیۆنزلیگ ببەمەوە، من دەمەوێت نازناوەکە بەدەستبهێنم و هەمووان هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن، ئەوە حەز نییە بۆ من، بەڵکو خەونێکە یان ئامانجێکە کە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین". 
 
پێپ لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی "من شارەزای کوالێتی رکابەرەکان و زەحمەتی و ئاڵۆزیی بردنەوەی نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەم، زۆرجار گوتوومە کە من نەهاتووم بۆ ئێرە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، بەڵام خەڵکی نایانەوێت بڕوام پێ بکەن یان پێیانوایە من بەدوای بیانوودا دەگەڕێم".
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، گوتیشی "لە مانچێستەر سیتی داوایان لێنەکردووم ئەو کارە بکەم، بەڵام بێگومان دەمەوێت نازناوەکە بەدەستبهێنم، من یەکەم کەسم کە بردنەوەم دەوێت، کاتێک لە میونشنیش بووم هەر بەو شێوەیە بوو".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، پێپ دووپاتیکردەوە "ئامانجم ئەوەیە تیپەکەم باشتر بکەم و یاریزانەکام، باشتر یاری بکەن، ئەوە ئامانجە سەرەکییەکەیە، تەنیا شتێک کە من لەپێناویدا لێرەم، ئەوەیە کە مان سیتی باشتر یاری بکات. من دەمەوێت لەسەر هێڵی یاریگە بوەستم و بم و سەیری ئەم تیپە بکەم".