کوردێک ژمارەیەکی پێوانەیی لە تایکواندۆ تۆماردەکات



رووداو - هەولێر 

هێمن مەهدی یاریزانی تایکواندۆی کوردستان ژمارەیەکی پێوانەیی لە بڕگەیەکی یاریی تایکواندۆدا تۆمارکرد و میدالیای زێر لە پاڵەوانیەتی جیهان لە کۆریای باشوور بەدەستهێنا.

ئەم پاڵەوانە تاکە وەرزشوانی کورد بوو بەشداریی لە پاڵەوانیەتییەکەدا کرد، کە لە شاری سیئۆلی کوریای باشوور بە بەشداریی پێنج هەزار و دووسەد یاریزانی شەشت و چوار وڵات بۆ ماوەی هەفتەیەک بەڕێوەچوو.
 هێمن مەهدی دوای رکابەرییەکی زۆر لە بڕگەی شکاندن میدالیای زێر و پلەی پێشەنگی بردەوە و بووە خاوەن ژمارەی پێوانەیی بە شکاندنی 12 شتایگەر و لە نێو کۆمەڵێک رکابەری بەهێز پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

لە کاتی گەڕانەوەیدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر مەراسیمێکدا پێشوازیی بۆ ئەو پاڵەوانە رێکخرا.

هێمن مەهدی وەرزشوانێکی ئاستبەرزی یاریی تایکواندۆیە، راهێنەری یانەی قەڵا و هەڵبژاردەی تایکواندۆی هەولێرە، پێشتر لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقیشدا یاریی کردووە.

هێمن مەهدی لە گەڕانەوەیدا بۆ رووداو قسەی کرد.