نەیمار بۆ مەشق و یاریکردن ئامادە نییە

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی تیشکی خستە سەر هەڵوێستی نەیمار داسیلڤا،  ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان و هەڵبژاردەی بەڕازیل سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ مەشقەکانی یانەکەی و دەڵێت: ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا بگەڕێتەوە. 
 
سێ مانگ بەر لە کۆتاییهاتنی وەرزی رابردوو، نەیمار تووشی پێکانێکی سەخت بوو لە پاژنەی پێیدا و لە 10ی ئازاردا نەشتەرگەری بۆ کرا.
 
رۆژنامەی لیکیپی فەرەنسی رایگەیاندووە، بڕیارە نەیمار لەم هەفتەیەدا بگەڕێتەوە پاریس، بەڵام بۆ دەستپێکردنی ماوەی ئامادەکارییەکان ئامادە نابێت.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، نەیمار چەندین کێشەی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە ناکۆکی لەگەڵ دەزگای باجدانی بەڕازیلدا هەیە کە داوای لێدەکات بڕی ٣ ملیۆن یۆرۆ بدات بەهۆی پێشێلکارییەکانی ژینگە لە دروستکردنی دەریاچەیەکی دەستکرددا.
 
نەیمار و باوکی ویستوویانە دەریاچەکە بە نایاسایی دروستبکەن، ئەمەش بەرپرسانی ژینگەی بەرازیلی تووڕەکردووە چونکە دەبێتە هۆی گۆڕینی رێڕەوی ئاو و دژی ژینگەیە، هەروەها هیچ مۆڵەتێكیشی بۆ ئەو کارە نەبووە. 
 
ئەو ڤێلایەی کە نەیمار هەیە دەکەوێتە ناوچەی کۆستا ڤێردی لە ویلایەتی ریۆ دی جانیێرۆ، نرخی ڤێلاکە دەگاتە 28 ملیۆن ریالی بەرازیلی کە 5.87 ملیۆن یۆرۆ دەکات، رووبەری ڤێلاکەش 5 هەزار مەتر دەبێت. 
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نەیمار لە ڕووی جەستەییەوە ئامادە نییە، رەنگە لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا بگەڕێتەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی یاریزانە نێودەوڵەتییەکان.
 
نەیمار بەر لە چەند رۆژێک لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی بەرازیل بە سەرخۆشی لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بووە شەڕی و چەند وێنە و ڤیدیۆیشی بڵاوبووەوە و ئەمەش گوشاری زیاتری لەسەر یاریزانەکە دروستکردووە کە جارێ بۆ یارکردن و مەشقکردن ئامادە نەبێت.
 
جێگای سەرنجە هەفتەی رابردوو یانەی پاریس سانجێرمان گرێبەستی لەگەڵ لویس ئێنریکی راهێنەری ئیسپانی واژۆکرد، دواتریش سێ یاریزانی گواستەوە کە میلان شكرینیار، ئاسێنسیۆ و مانوێل ئوگارتێن.