ئەرجەنتین گەیشتە فایناڵی کۆپا ئەمریکا و کلاسیکۆ بەرامبەر بەرازیل دەکات

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا، گەیشتە فایناڵی کۆپا ئەمریکا و بەرامبەر بە هەڵبژاردەی بەرازیل یاری دەکات.

ئەرجەنتینییەکان بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی بە لێدانی یەکلاکەروە شکستیان بە هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا هێنا، دوای ئەوەی کاتی ئاسایی یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

لە نیوەی یەکەمی یارییەکەدا کوڕانی تانگۆ ئاستێکی باشیان پێشکێشکرد و هەرزوو لە رێگای لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئینتەرمیلانەوە گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد کە مێسی ئاسیستی کرد. 

لە نیوەی دووەمدا کۆڵۆمبیا باشتربوون، توانیان لە رێگەی لویز دیازی ئەستێرەی یانەی پۆرتۆوە ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە، بەڵام دواتر ئەنجامەکە گۆڕانی دیکەی بەخۆیەوە نەبینی و بەبێ ئەوەی گێمی زیادکراو ئەنجامبدەن، راستەوخۆ پەنا برایە بەر لێدانی یەکلاکەرەوە، لەوێش ئیمیلیانۆ مارتینێزی گۆڵپارێزی ئەرجەنتین کارامەیی خۆی نواند و لە کۆی 5 لێدان توانی سیانی بگەڕێنێتەوە و هەڵبژاردەکەی گەیاندە فایناڵی کۆپا ئەمریکا.

بڕیارە یاریی کۆتایی کۆپا ئەمریکا لە رۆژی 11/7 لە کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان ئەنجامبدرێت کە یارییەکە لە نێوان ئەرجەنتین و بەرازیل دەبێت لەسەر یاریگەی ماراکانا.