میمی لە پەیوەندیکردن بە یانەی هیلالی سعودی نزیکدەبێتەوە

رووداو - هەولێر

موهەننەد عەلی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی پۆرتیمۆنێنسی پۆرتوگالی، راستی گفتوگۆیەکانی لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی ئاشکراکرد.

میمی لەلێدوانێکدا ئاشکرایکرد، یانەی هیلالی سعودی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو دەستپێکردووە و لە گفتوگۆدان، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بۆ ئەو یانەیە یاریی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانەکە ویستی خۆی بۆ مانەوە لە خولەکانی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ نەشاردەوە.

یانەی هیلالی سعودی دەیەوێت، میمی بۆ جێگرتنەوەی عومەر خرێبینی سووری بباتە ریزەکانی و هێلی پێشەوەی یانەکەی بەهێزتربکات.

لەبارەی ئەو گرێبەستانەی پێشکێشیکراون هێرشبەرە عێراقییەکە گوتی، یانەی هیلالی سعودی، ئەلعەرەبی، ئەلسیلییە و ئەلوەکرەی قەتەری و کوەیتی کوێتی، گرێبەستی پێشکێشکردوون، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکانیانەوە بکات.



هێرشبەرە عێراقییەکە زیاتر گوتی، مانگی داهاتوو ماوەی خواستنەکەم لە پۆرتیمۆنێنسی کۆتاییدێت، هیلال و دحێل لە گفتوگۆدان و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من ئەگەر بۆ هیلال یاریی بکەم، بەتایبەت کە یانەیەکی گەورەیە لەسەر ئاستی عەرەبی و ئاسیا.

ئەوەی دەنگۆی چوونی میمیی بۆ یانەی هیلال زیادکردووە، ئەوەیە کە یاریزانەکە وێنەیەکی لە یاریگەی یانەی هیلال بڵاوکردووەتەوە، کە لەکاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی تۆمارکردنی گۆڵێکەوە گیراوە.

دەربارەی دەنگۆی پەیوەندیکردن بە یانەی بوکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی میمی گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ دەستەوارەیەکم لەو یانەیەوە پێنەگەیشتووە و هیچ گفتوگۆیەکیش نیە، ئەوەی باس دەکرێت بەتەواوی دوورە لە راستییەوە.

موهەننەد عەلی، سەرەتای ئەم وەرزە لە یانەی شورتەی عێراقییەوە چووە یانەی دحێلی قەتەری، بەڵام هەلی یارییکردنی کەمبوو، بۆیە بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی پۆرتیمۆنێنسی پۆرتوگالی کرد.