یاریزانانی ریال مەدرید نیگەرانن

رووداو دیجیتاڵ

 

چەند ئەستێرەیەکی ریال مەدرید نیگەرانیان هەیە سەبارەت بە گرێبەستە چاوەڕوانکراوەکەی یانەکەیان لەگەڵ کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، کە هاوینی داهاتوو بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەچێتە ریزەکانی مێرینگێ.
 
بەگوێرەی تۆڕی رێلیڤۆی ئیسپانی، یاریزانان و ستافی تەکنیکی پێیان باشە گرێبەستەکەی ریال مەدرید لەگەڵ ئێمباپێ دوایین هەنگاو بێت بۆ وەرزێکی نایاب، کە لەوانەیە مێژوویی بێت، بەڵام یاریزانانی ژووری جلگۆڕین ترسیان هەیە گرێبەستی ئێمباپێ ئەو سەرکەوتنە زۆرانەی بەدەستیانهێناون پەردەپۆش بکات، ئەمەش زۆریان بێزار دەکات.
 
هەرچەندە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا هەمووان لەناو ریال مەدرید هەستیان بە جۆش و خرۆش کردووە سەبارەت بەوەی گرێبەستەکەی ئێمباپێ نزیکە لە تەواوبوون، بەڵام نیگەرانییەکی هەستپێکراویش لەنێو ریزەکانی یاریزاناندا هەیە.
 
یانەی شاهانە ترسی لەوە هەیە راگەیاندنی گرێبەستی ئێمباپێ خێراتر بێت ئەگەر ئەمڕۆ پاریس سانجێرمان ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ بکات، بەتایبەتی کە یانەکە نازناوی خولی فەرەنسی بەدەستهێناوە.
 
تیپەکە درک بەوە دەکات کە ئەگەر گرێبەستی ئێمباپێ رابگەیێنرێت، زاڵ دەبێت بەسەر مانشێتی رۆژنامەکان و کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا، هەروەها سەرنجی مێرێنگێ ببات، کە ئەگەری هەیە لە چامپیۆنزلیگدا درێژە بە کاروانەکەی بدات.
 
یاریزانانی مێرێنگێ دەیانەوێت تیپەکە سەرەتا ئاهەنگی وەرگرتنی جامی لالیگا بگێڕن و بچنە گۆڕەپانی سیبێلێس بۆ ئەوەی لەگەڵ هاندەران ئاهەنگ بگێڕن، ئەمە جگە لەوەی رێز لەو یاریزانانە بگرن، کە وەرزی داهاتوو لە یانەکە دەڕۆن، وەک ناچۆ فێرناندێز، ئینجا گرێبەستەکەی ئێمباپێ رابگەیێنن.
 
یاریزانە گەورەکانی ریال مەدرید دەیانەوێت مێرێنگێ و پاریس سەرکەون بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، چونکە بەپێی ئەم سیناریۆیە هەردوو یانە بێدەنگ دەبن لە بەرامبەر گرێبەستی ئێمباپێ، و کەس قسە ناکات تاوەکو یارییەکە ئەنجام دەدرێت.