ئەفسانەیەکی پێشووی ریال مەدرید رەخنەی تووند لە ڤینیسیۆس دەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پرێدراگ میاتۆڤیچ، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەخنە لە رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ئێستای یانەکە دەگرێت و دەڵێت "درێسی ریال مەدرید ئەم جۆرە رەفتارانە قبوڵناکات."
 
لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کردووە، کێشەی نێوان ڤینیسیۆس و هاندەری تیپەکانی بەرامبەری، میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. لە چەند رووداوێکیشدا، گرژیی نێوانیان گەیشتووەتە رادەیەک کە تێیدا ئەستێرە بەرازیلییەکە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە. هاندەرانی تۆپی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوونە، بەشێکیان لایەنگری ڤینیسیۆسن و پشتگیری دەکەن، بەشێکی دیکەیان  لۆمەی دەکەن و پێیانوایە ئەو سوکایەتی بە هاندەران دەکات و خۆی هۆکاری کێشەکانە.
 
میاتۆڤیچی یاریزانی پێشووی یانە مەدریدییەکە لە بەشی دووەمی بینەران دێت و رەخنەی تووند لە ئەستێرە بەرازیلییەکە دەگرێت لەبارەی ئەو رەفتارەی کە لە یاریی بەرامبەر لایپزیگ لە گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگ نواندی، کە تێیدا لە ئۆربانی یاریزانی تیپی بەرامبەر دەدات و فاوڵی لەسەر دەگرێت، دواتریش کاتێک هەڵدەستێتەوە پاڵی پێوەدەنێت و جارێکی دیکە بەریدەداتەوە، لەوبارەیەوە میاتۆڤیچ دەڵێت "درێسی ریال مەدرید ئەو جۆرە رەفتارانە قبوڵ ناکات، لەوانەیە یانەیەکی دیکە بیکات."

 

 
یاریزانەکەی پێشووی ریال مەدرید زیاتر دەڵێت "ئامۆژگاری دەکەم رێگەیەک بدۆزێتەوە خۆی پێهێور بکاتەوە، ئەگەرنا ناتوانێت ببێتە یاریزانێکی مەزن. ئەو یاریزانێکە جیاوازی درووستدەکات و شایستەی هەموو رێزێکە، بەڵام پێویستە رەفتار و هەڵسوکەوتی بگۆڕێت، ئەو بەسەر یاریزانانی بەرامبەر و هاوتیپەکانیشیدا هاوار دەکات."
 
میاتۆڤیچ لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "کەس لەم رەفتارانەی تێناگات، ئەگەر ئەو کارانە بەرامبەر ریال مەدرید کرابان ناڕەزایەتیمان دەردەبڕی، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە."
 
لە وەرزی 1995/1996ـی لالیگادا، میاتۆڤیچ توانی لەگەڵ یانەی ڤالێنسیا 28 گۆڵ تۆماربکات و ئەمەش وای لە ریال مەدرید کرد گرێبەستی لەگەڵدا بکات. لە ریزبەندی بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی باڵۆندۆری 1997 لە دوای رۆناڵدۆی دیاردەوە هات و پلەی دووەمی بەدەستهێنا. لەگەڵ یانە مەدریدییەکەدا توانی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ساڵی 1998 گۆڵێک تۆماربکات و یارمەتی یانەکە بدات لە بردنەوەی نازناوەکە. دوای وازهێنانی لە یاریکردن، لە ساڵانی 2006 تاوەکو 2009 وەک بەڕێوبەری وەرزشی یانەکە کاری کردووە.