ناوبژیوانی یاریی كلاسیكۆ دەستنیشانكرا


رووداو – هەولێر

یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاند كە ناوبژیوان كلۆس گۆمێزی دەستنیشانكردووە بۆ بەڕێوەبردنی یاریی كلاسیكۆی قۆناخی دووەمی خولی لالیگا لە نێوان ریال مەدرید و بارسیلۆنا، كە 23ی ئەم مانگە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە مەدرید ئەنجامدەدرێت.

جاری سێیەمە گۆمێز یاریی كلاسیكۆ بەڕێوەدەبات، جاری یەكەم لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا بوو، كە بارسیلۆنا بە 3-2 گۆڵ یارییەكەی بردەوە، یاریی دووەمیش لە جامی شا بووە، كە بەیەكسانی بەكۆتاهات.

گۆمێزی ناوبژیوان ئەم وەرزە دوو یاریی ریالی بەڕێوەبردووە، یەكەمیان سەركەوتنی بەسەر یانەی ئاتلەتیك بلباو بە 3-1 گۆڵ و ئەویتریان بەرامبەربوونبوونی بوو لەگەڵ ئۆساسۆنا، كە لە یارییەكەدا رامۆسی بەكارتی سوور كردە دەرەوە.

لە بەرامبەردا دوو یاریی بارسیلۆناشی بەڕێوەبردووە، كە هەردوو یاریی بە سەركەوتنی بارسا بەكۆتاهات بەسەر یانەكانی رایۆڤالیكانۆ و مالەگە.

یاریی كلاسیكۆی داهاتوو تا رادەیەكی زۆر ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی لالیگا دیاری دەكات، كە ئێستا ریال مەدرید بە جیاوازی خاڵێك لە پێش بارسیلۆنا لە پلەی یەكەمی ریزبەندیی خولەكەدا و بە 3 خاڵیش لە پێش ئاتلەتیكۆ مەدریدە.