ئەستێرەیەکی پێشووی بارسا باس لە شوێنگرتنەوەی چاڤی دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت،ئەستێرەیەکی پێشووی یانەکە باس لە شوێنگرتنەوەی چاڤی و وەرگرتنی پۆستی را‌هێنەرایەتی بارسا دەکات. 
 
سێسک فابریگاس، ئەستیرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، هاوینی 2023 لە یانەی کۆمۆی سێریا بی ئیتاڵیا وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند، دواتر وەک راهێنەری تیپی خوار 19 ساڵانی یانەکە دەستبەکاربوو. لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا بەشێوەیەکی کاتی پۆستی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی وەرگرت و دوای مانگێک ئۆسیس رۆبێرتس، شوێنی گرتەوە و فابریگاس وەک یاریدەدەری ئەو راهێنەرە دەستبەکاربوو. 
 
ئەستێرەکەی پێشووی بارسا لە هەڤپەیڤینێکدا، وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی پێشووی رەتناکاتەوە و دەڵێت "راهێنەرایەتی کردنی بارسا؟ پێموایە سەرەتا دەبێت گەشەبکەم و هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش بچم. من ئێستا دڵخۆشم، چونکە لەژێر گووشارێكی زۆردا نیم."

 

 
یەکێک لەو راهێنەرانەی کە وەک شوێنگرەوەی چاڤی ناوی بە بارساوە بەستراوەتەوە، تیاگۆ مۆتای یاریزانی پێشووی یانە ئیسپانییەکە و راهێنەری ئێستای یانەی بۆڵۆنیای ئیتاڵییە، سێسک لەبارەی ئەو راهێنەرەوە دەڵێت "بۆڵۆنیای تیاگۆ مۆتا کارێک دەکەن کە بارسا لەم چەند ساڵەی دواییدا نەیکردووە، بەڵام مۆتا شێوازی بارسای بەتەواوی وەرگرتووە و من زۆر سەرسامم بە شێوازی یاریکردنی تیپەکانی. دڵنیام ئەو دەتوانێت لەگەڵ بارسا خۆی بگونجێنێت."
 
مۆتا لە ساڵی 2022 پۆستی راهێنەرایەتی بۆڵۆنیای وەرگرت، لەو ماوەیەدا یانە ئیتاڵییەکە بەسەرپەرشتی مۆتا 60 یاری ئەنجامداوە، 26 بردنەوە، 18 یەکسانبوون و 16 دۆڕانی هەیە و هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە.