وردەکاریی نوێ سەبارەت بە رزگارکردنی کریستیان ئاتسو
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئینگلتەرا، وردەکاریی نوێی ئاشکراکرد سەبارەت بە رزگاردنی کریستیان ئاتسوی یاریزانی غانی، یاریزانی پێشووی چێڵسی و ئێستای یانەی هاتایسپۆری تورکی، لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا، باس لەوەش دەکات کە ئەو یاریزانە رووبەڕووی چی بووەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، هەزاران کەس کوژران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون، وێڕای ئەوەی سەدان کەسی دیکەش لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە و تیمەکانی فریاکەتن لە هەوڵی هێنانەدەرەوەی تەرمەکانیان و رزگارکردنی هەندێکیاندان کە هێشتا زیندوون.
بەگوێرەی رۆژنامەی سەنی بەریتانی، ئاتسو بە زیندوویی لەناو داروپەردووی بوومەلەرزەکەی تورکیادا دۆزرایەوە،، دوای ئەوەی تیمەکانی رزگارکردن گوێیان لە هاوارەکانی بوو.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاتسو لە نهۆمی 9ـی باڵەخانەیەکی شوقەیی بووە، کاتێک دوو بوومەلەرزە تورکیایان هەژاندووە و لانیکەم 12 شار زیانیان پێگەیشتووە و هەزاران کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامەکە دووپاتیکردەوە کە دەنگی ئاتسو لەژێر داروپەردوودا بیستراوە، لەگەڵ دەنگی بەڕێوەبەری وەرزشیی هاتایسپۆر، تانەر ساڤوت.
گوتەبێژی یانە تورکییەکە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "کریستیان ئاتسو رزگارکرا و بریندارە، بەداخەوە بەڕێوەبەری وەرزشیمان، تانەر ساڤوت، هێشتا لەژێر داروپەردوودایە".
لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوتووە کە تیمی رزگارکەران بە گڵۆپی تایبەت بە بەدواداگەڕان لە شەودا سەیری داروپەردووی بینای شوقەکانی ئاتسو دەکەن، دوای ئەوەی زۆر لە هاوڕێکانی رزگارکراون دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە لە کاژێر 4ـی بەرەبەیان روویدا.
ئاتسو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی برینداربوونی قاچی راستی، کە بەدەست کێشەی هەناسەدانیشەوە دەناڵێنێت.