یانه‌ى ریال مه‌دریدی ئیسپانی، به‌فه‌رمی وه‌ڵامی راگری شاری ڤیگۆی ئیسپانی ده‌داته‌وه، كه ره‌خنه‌ی له هه‌ڵوێستی یانه‌ى شاهانه گرتبوو.
دوای ئه‌وه‌ی ئابێل کابایێرۆ، راگری شاری ڤیگۆی ئیسپانی، له لێدوانێكدا سه‌باره‌ت به دواخستنی یاری سێلتاڤیگۆ و ریال مه‌درید، به‌هۆی خراپی كه‌ش و هه‌وا، هێرشی كرده سه‌ر ریال مه‌درید و هه‌ڵوێستی ئه‌و یانه‌یه‌ی به شه‌رمه‌زارانه وه‌سف كرد، ئیداره‌ی یانه‌ى ریال مه‌درید له راگه‌یاندراوێكدا به فه‌رمی وه‌ڵامی راگری شاری ڤیگۆی دایه‌وه.
ئابێل كابایێرۆ، پێشتر رایگه‌یاندبوو "حه‌یف بۆ یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك ریال مه‌درید، ناڕه‌زایی نیشانبدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاری سێلتاڤیگۆ و ریال مه‌درید دواخراوه".
هه‌روه‌ها ناوبراو گوتبووی "عه‌یبه بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان، ئه‌وان ده‌زانن كه یاریگه‌كه‌مان زیانی زۆری پێگه‌یشتووه، ناكرێ ژیانی هه‌زاران له هانده‌رانمان بخه‌ینه مه‌ترسییه‌وه".
بۆیه ریال مه‌درید له راگه‌یاندراوێكدا ئه‌و قسانه‌ی كابایێرۆی به‌درۆخسته‌وه‌و رایگه‌یاند "نه‌مانگوتووه یارییه‌كه هه‌ر ده‌بێ له‌و یاریگه‌یه بكرێت و ژیانی هانده‌ران بخرێته مه‌ترسییه‌وه، گوتوومانه ده‌كرێت یارییه‌كه له یاریگه‌یه‌كی نزیك له یاریگه زیانپێگه‌یشتووه‌كه ئه‌نجام بدرێت".
ریال مه‌درید، له راگه‌یاندراوه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئه‌و كاره زیانی دارایی له په‌خشی ته‌له‌ڤزیۆنی ده‌گه‌ینێت و كاریگه‌ری خراپیشی به‌سه‌ر ناوبانگی خولی ئیسپانیاوه ده‌بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ