گرنگترین یاریزانی بیلباو بەرامبەر بارسا ئامادە نابێت
رووداو دیجیتاڵ
نیکۆ ویلیامز، ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیک بیلباو بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەی بارسێلۆنا ئامادە نابێت.
یانەی ئاتلێتیک بیلباو بە شێوەیەکی فەرمی رایگەیاند کە ئەستێرەی یانەکە، نیکۆ ویلیامز تووشی پێکان بووە و گومان لەسەر بەشداریکردنی لە یاریی داهاتووی یانەکە لە جامی سوپەری ئیسپانیا هەیە، پێکانی ئەو یاریزانە لەسەر ئاستی پاژنەی پێیە و بە ئەگەری زۆرەوە بەرامبەر بارسێلۆنا ئامادە نابێت.
رۆژی چوارشەممە، لە قۆناخی پێش کۆتایی جامی سوپەر ئیسپانیا، ئاتلێتیک بیلباو رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە و ئەو یانەیە دەیەوێت سوود لە کێشەکانی یانە کەتەلۆنییەکە ببینێت و بتوانێت بەسەریاندا سەربکەوێت و بگاتە یاریی کۆتایی جامەکە.
ئاتلێتیک بیلباو، وەرزی رابردوو توانی جامی شای ئیسپانیا بباتەوە و 24ەمین نازناوی ئەو جامەی خستە خەزینەی یانە باسکییەکە، ئێستاش چاوی لەوەیە بۆ چوارەم جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا بەدەستبهێنێت.
نیکۆ ویلیامز، دوای ئاستە نایابەکەی لە یۆرۆی 2024 و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکە، بووە جێی باسی میدیاکانی جیهان و چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا چاویان بڕیوەتە تواناکانی ئەو یاریزانە.
لە گواستنەوەکانی هاوینەدا، یانەی بارسێلۆنا هەوڵەکانی چڕکردبووەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و نیکۆ ویلیامز بڕیاریدا بۆ وەرزێکی دیکەش لە ئاتلێتیک بیلباو بەردەوام بێت.