بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی ئەنچێلۆتی سەبارەت بە گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی ئیتاڵی، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی سەبارەت بە پێگەی گۆڵپارێزی سەرەکی لە مێرێنگێ لەم وەرزەدا داوە.
 
ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، پێش پشووی سەری ساڵ، رایگەیاندبوو کە گۆڵپارێزێکی سەرەکی بۆ یانەی ریال مەدرید هەڵدەبژێرێت، و بڕیارەکە لە جامی سوپەری ئیسپانیاوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وادیارە ئەو بڕیارەی کارلیتۆ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
 
بەپێی تۆڕی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، کارلۆ ئەنچێلۆتی بڕیارەکەی گۆڕیوە و بیرۆکەی هەڵبژاردنی گۆڵپارێزێکی سەرەکی بۆ مێرێنگێ لە مێشکیدا بوونی نەماوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنچێلۆتی کیپا ئاریزابالاگا و ئاندرێ لونینی ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەری هەیە هەردوو گۆڵپارێزەکە بەنۆرە یاری بکەن، ئەمەش بەپشتبەستن بەو ئاستەی هەریەکێکیان پێشکێشی دەکات.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، پێیوایە ئەم بڕیارە رۆژانە پاڵنەرێک دەبێت بۆ هەردوو گۆڵپارێزەکە بۆ ئەوەی بە باشترین ئاست کاربکەن.
 
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردووە ناسنامەی گۆڵپارێزی سەرەکی لە جامی سوپەری ئیسپانیا تاوەکو ئێستا بەنهێنی ماوەتەوە.
 
ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە رووبەڕووی ببێتەوە.