ریال سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یاریی ریال سۆسیداد تۆماردەکات


رووداو - هەولێر

یانەی ریال مەدرید لە ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد توڕەیە و سکاڵا لە دژی ناوبژیوانەکە تۆماردەکات.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی رایگەیاندووە، یانەی شاهانە لە بڕیارەکانی خۆسێ لویس مۆنتێرۆ، ناوبژیوانی یارییەکە ناڕازییە و پێی وایە لێدانێکی سزای بۆ ڤینیسیوس جونیۆر هەژمارنەکردووە و رەتیشیکردووەتەوە بگەڕێتەوە بۆ سیستەمی ڤار، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەیری ڤیدیۆییەکە بکات.

رۆژنامەکە ئەوەشی راگەیاندووە، لۆس بلانکۆس لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سکاڵا لە دژی ناوبژیوانەکە تۆماردەکات و پێی وایە هاوسەنگیی لە یارییەکەدا نەپاراستووە و دادپەروەر نەبووە لە بڕیاردان.

لەلایەن خۆیەوە سانتیاگۆ سۆلاری، راهێنەری ریال مەدرید گوتی، ناحەقیمان بەرامبەر کراوە، ئەگەر ڤار بۆ کاتێکی وا نەبێت بۆ کەیە.

ریال مەدرید لە گەڕی 18ـی لالیگا لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد تووشی شکستبوو و ئێستا لە پلەی پێنجەم خاوەنی 30 خاڵە.