بارسێلۆنا ساڵی نوێ بەهەواڵێکی خۆش دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هاندەرانی بە هەواڵێکی خۆش دڵخۆش دەکات و ئاهەنگەکانی چوونە نێو ساڵی نوێ بۆ هاندەرانی دەکاتە دوو ئاهەنگ.
 
بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەمساڵ نزیکدەبێتەوە، رۆژی 20ـی ئەم مانگە، دوایین یاریی خۆی لە ساڵی 2023 ئەنجامدەدات، دوای ئەوە یارییەکانی لالیگا بەبۆنەی پشووەکانی سەری ساڵەوە رادەوەستن، بەڵام کەتەلۆنییەکان لە یارییکردن ناوەستن.
 
دوای یارییەکەی بەرامبەر ئەلمێریا، بارسێلۆنا راستەوخۆ دەچێتە فرۆکەخانە و لە بارسێلۆناوە بەرەو شاری دالاسی ئەمریکا بەڕێدەکەوێت، بۆ ئەوەی بەرەبەیانی 22ـی12 کاژێر 05:00 بەکاتی باشووری کوردستان لە یارییەکی دۆستانەدا بەرامبەر یانەی کلەب ئەمریکای مەکسیکی یاریی بکات، کە بەرامبەر ئەنجامدانی ئەو یارییە یانە ئیسپانییەکە 4 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، یاریزانانی بارسێلۆنا تاوەکو رۆژی 28ـی12 پشوویان پێدەدرێت و یانەکە هیچ یارییەکی دیکە ئەنجامنادات، بەڵام کاتێک دەگەڕێتەوە تیپەکە یاریزانێکی نوێی لەگەڵ دەبێت، ئەو یاریزانەش ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری لاوی بەرازیلی و ئێستای یانەی ئاتلێتیکۆ پارانایێنسیی ئەو وڵاتەیە.
 
ڤیتۆر رۆکی، تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، یاریزانێکی بەتوانا و گۆڵکارە، بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە 40 ملیۆن یۆرۆ دەداتە یانە بەرازیلییەکە.
 
سەرەتا بڕیاربوو، ئەم یاریزانە لە گواستنەوەی هاوینی 2024 پەیوەندی بە ریزەکانی بلاوگراناوە بکات، بەڵام بەهۆی پێویستیی یانەکە لە هێڵی هێرشبەریدا، کارگێڕیی بارسا بڕیارییدا لە سەرەتای ساڵی نوێوە یاریزانەکە بگوازێتەوە.
 
یاریزانە نوێیەکەی بارسێلۆنا 56 یاریی بۆ ئاتلێتیکۆ پارانایێنسی ئەنجامداوە و 20 گۆڵی تۆمارکردووە، یارییەکی نێودەوڵەتیشی بەدرێسی هەڵبژاردەی بەرازیلەوە ئەنجامداوە.