ڤیدیۆ؛ دالکورد دەستکەوتێکی مێژوویی بەدەستهێنا و گەڕایەوە خولی پلە یەک

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دالکورد دەستکەوتێکی گەورەی تۆمارکرد و بۆ جاری چوارەم، لە تەمەنێکی کورتدا گەیشتە خولی پلە یەکی سوێد ناسراو بە سوپێرتان.
 
دالکورد جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو خولی پلە یەکی سوێد، کە دووەم بەرزترین ئاستی تۆپی پێیە، لەسەر ئاستی ئەو وڵاتە، دوای ئەوەی لە دووەم یاریی قۆناخی پلەی ئۆفدا لەگەڵ یانەی گایس یەکسانبوو.
 
لە دووەم یاریی قۆناخی پلەی ئۆفدا، یانەی دالکورد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گایس یارییکرد، هەردوو یانە رکابەرییەکی زۆری یەکدیان کرد، بۆ بردنەوە و سەرکەوتن بۆ خولی پلە یەکی سوێد ناسراو بە سوپێرتان، بەڵام لە کۆتاییدا هەردوولا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون.
 
دالکورد سەرەتا لە خولەکی 32 لە رێگەی ئومیت ئاراس گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد، نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی یانە کوردییەکەی سوێد کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا خاوەن یاریگە زۆر هەوڵیدا بۆ ئەوەی هیواکانی بۆ سەرکەوتن بگەڕێنێتەوە، بەڵام تەنیا توانیی گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، کە لە خولەکی 79 میشێل کاراگبۆ تۆماریکرد.
 
دالکورد بەهۆی بردنەوەی یاریی چوون بە 2-1 توانیی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە خولی سوپێرتان و گایسیش بۆ خولی پلە سێ ناسراو بە ئێتان نۆرا دابەزی.
 
دالکورد بەدرێژایی ئەم وەرزە لە رکابەرییەکانی خولی ئێتان نۆرای سوێد، کە بۆ یانە پلە سێیەکانە، ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، لە 30 یارییدا لەو خولەدا تەنیا 4 یاریی دۆڕاند، 18 بردنەوە و 8 یەکسانبوونی هەبوو، یانەکە 66 گۆڵی تۆمارکرد و 40 گۆڵی لێکرا، بەشێوەیەکی گشتیش 19 بردنەوە 4 دۆڕان و 9 یەکسانبوونی هەبوو، 69 گۆڵی تۆمارکرد و 42 گۆڵی لێکراوە.
 
دالکورد یانەیەکی کوردی سوێدییە، لە ساڵی 2004 لەلایەن چەند کۆچبەرێکی کوردی ئەوروپاوە دامەزرێندرا، سەرەتا یانە لە خولی پلە حەوتی سوێد دەستی بە کاروانی یارییکردنی کرد لەسەر ئاستی سوێد، دوای ماوەیەکی کەم لە دامەزراندنی یانەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە تۆپی پێ سوێددا دروستکرد و لە ماوەی 14 ساڵدا توانیی بگاتە گەورەترین ئاستی خولی تۆپی پێی سوێد کە ئالسڤێنسکانە و لە ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بەشداریی لەو خولەدا کرد، بەڵام تەمەنی یارییکردنی لەو خولەدا درێژ نەبوو و دوای ساڵێک یارییکردن لە خولی نایاب یانەکە دابەزییەوە بۆ سوپێرتان و پاشانیش بۆ خولی پلە سێی ناسراو بە ئێتان نۆرا، بەڵام ئەم وەرزە بەباشترین ئاستەوە دەرکەوتەوە و جارێکی دیکە گەڕایەوە سوپێرتان.
 
لە ریزەکانی یانەی دالکورد چەند یاریزانێکی کورد لە پارچە جیاوازەکانی کوردستان یارییدەکەن لەوانەش هارون ئەحمەد، بەختیار رەحمانی و دیلان ئیسماعیل کە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا رۆڵیان گەورەیان هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ خولی پلە یەکی سوێد.
 
جگە لەوەش راهێنەری یانەکە کوردە، یاسین ئاراس، سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەکە دەکات کە پێشتر راهێنەی ئەکادیمیای یانەکە بوو.
 
پێشتر یاسین ئاراس، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە لەو رۆژەوەی تیپەکەی وەرگرتووە بە ئامانجی گەڕاندنەوە بۆ خولی پلە یەک کاردەکەن و لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی یانەکە کاری زۆرباشیانکردووە و دڵنیان لەوەی دالکوردێکی جیاواز بە هاندەرانیان پێشاندەدەن.
 
لەلایەن خۆیەوە هارون ئەحمەد، یاریزانی کوردی یانەی دالکورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " هەستدەکەم ئێستا دڵخۆشترین کەسم، پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی دالکورد دەکەم، سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو پاڵپشتییەی بەدرێژایی ئەم وەرزە لە یانەکەیان کرد و ئەوان بە راستی یاریزانی ژمارە 12ـی یانەکە بوون."
 
ساموێل ئیزنتیۆمی، یاریزانی سوێدی یانەی دالکورد دڵخۆشیی خۆی بە گەڕانەوە بۆ خولی پلە یەکی سوێد راگەیاند و بە رووداوی گوت " دوای کارکردنێکی بەردەوام و دەست لەنێو دەست توانیمان ئامانجەکەمان بکەینە راستی و ئێستا تەنیا کاتمان هەیە ئاهەنگ بگێڕین و دڵخۆشبین."