رۆناڵدۆ شه‌ڕى میسی و بارسا هه‌ڵده‌گیرسێنێت




رۆژنامه‌ی ASى ئیسپانى رایگه‌یاند كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ى پورتوگالى ده‌بێته‌ هۆكارى نانه‌وه‌ى كێشه‌ له‌نێوان لیۆنێل میسی ئه‌ستێره‌ى ئه‌رجه‌نتینی و یانه‌ى بارسێلۆناو له‌و باره‌وه‌ نووسیویه‌تى "میسی له‌ ئیداره‌ى یانه‌كه‌ى تووڕه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناتوانێت به‌رگری لێبكات وه‌ك ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى ریال مه‌درید به‌رگری له‌ رۆناڵدۆ ده‌كات".

دواى ئه‌وه‌ى میسی له‌ دوایین 10 رۆژدا ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌شكرد، كه‌ به‌ دوو هاتریك له‌ یانه‌ى ئه‌پۆیلى قوبرسى و سڤیلیاى ئیسپانى دوو ریكۆردی مێژوویی (گۆڵكارى مێژوویی لالیگا و چامپیۆنسلیگ) تۆماركرد، زۆر به‌هێز هاته‌وه‌ نێو ململانێ له‌سه‌ر خه‌ڵاتى باڵۆن دۆر.

 به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ك ئاشكرایانكرد كه‌ ماوه‌ى ده‌نگدان بۆ براوه‌ى خه‌ڵاته‌كه‌ له‌ 21/11/2014 كۆتاییهاتووه‌، میسی و جه‌ماوه‌رى كه‌ته‌لۆنى تووشی بێئومێدی بوون، به‌و پێیه‌ى ئه‌گه‌ر ماوه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ له‌و كاته‌دا كۆتاییهاتبێت ئه‌و هه‌موو كۆششانه‌ى میسی به‌ فیڕۆده‌چن و هیچ سوودی لێوه‌رناگرێت. بۆیه‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، كه‌ نزیكه‌ له‌ یانه‌ى ریال مه‌درید، جه‌ماوه‌رى یانه‌ى بارسێلۆنا داوا له‌ ئیداره‌كه‌ی ده‌كات سیناریۆی ساڵى رابردووى رۆناڵدۆ بۆ میسی دووباره‌ بكاته‌وه‌، كاتێك ئیداره‌ى شاهانه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌دا فیفاى ناچاركرد ماوه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ى باڵۆن دۆر درێژبكاته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ رۆناڵدۆ دواى ماوه‌ یاساییه‌كه‌ ئاستێكی زۆر به‌رزى پێشكه‌شكردو بووه‌ براوه‌ى باڵۆن دۆر.

وه‌ك AS باسیده‌كات خودى میسیش زۆر له‌ ئیداره‌ى یانه‌كه‌ى تووڕه‌یه‌، چونكه‌ هه‌ستده‌كات ئه‌وه‌ى ئیداره‌ى ریال مه‌درید بۆ رۆناڵدۆ ده‌كات ئیداره‌ى بارسێلۆنا بۆ ئه‌و ناكات "له‌به‌رئه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ به‌هۆی رۆناڵدۆ شه‌ڕ له‌نێوان میسی و بارسێلۆنا هه‌لبگیرسێت".
دواى راگه‌یاندنى 3 پاڵێوراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى باڵۆن دۆر، میسی و جه‌ماوه‌رى كه‌ته‌لۆنى ئومێدیان به‌وه‌ زۆره‌ میسی ببێته‌ پاڵێوراوێكی به‌هێزى خوله‌كه‌، ئه‌گه‌ر ئیداره‌ى بارسێلۆنا بتوانێت فیفا ناچاربكات ماوه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ درێژبكاته‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك AS نووسیویه‌تى "گرنگی درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى ده‌نگدانه‌كه‌ بۆ میسی له‌وه‌دایه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان نه‌داوه‌ ده‌رفه‌تى ده‌نگدانیان ده‌بێت، ئه‌وانه‌ى ده‌نگیشیان داوه‌ ده‌توانن ده‌نگه‌كانیان بگۆڕن".

ساڵانه‌ فیفا به‌ هاوكارى گۆڤارى فرانس فۆتبۆلی فه‌ره‌نسی، له‌ رێگه‌ى كاپتن و راهێنه‌رانى هه‌ڵبژارده‌كانى جیهان و كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووسی باوه‌ڕپێكراوه‌وه‌ پرۆسه‌یه‌كی ده‌نگدان ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ ده‌ستنیشانكردنى باشترین یاریزانى جیهان. دوێنى 3 پاڵێوراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ده‌ستنیشانكران و له‌ 12/1/2014 له‌ ئاهه‌نگێكی تایبه‌تدا ناوى براوه‌كه‌ راده‌گه‌ینرێت.