فیفا شوێنگرەوەیەکی بۆ ڤار ئامادەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
فیفا بڕیاریداوە تەکنەلۆژیایەکی نوێ تاقیبکاتەوە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا شوێنی ڤار بگرێتەوە
ڤی ئێف ئێس، کورتکراوەی 'پشتیوانیی ڤیدیۆیی تۆپی پێ' سیستەمێکی نوێی یارمەتیدەرە بۆ ناوبژیوان، بەڵام بەشێوەیەکی سادەتر لە ڤار.
هاوشێوەی ڤار، لەم سیستەمە نوێیەدا دەکرێت لە حاڵەتەکانی گومان لە 'کارتی سوور، لێدانی سزا، گۆڵ، هەڵە لە ناسینەوەی یاریزان' ناوبژیوان بگەڕێتەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤیدیۆ، بەڵام ئەوەی لێرە جیاوازە ئەوەیە کە ناوبژیوان سەرپشک نییە لە بڕیاری گەڕانەوە بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆ، بەڵکو بڕیارەکە لە دەستیی راهێنەری هەردوو تیپەکەیە، هەر راهێنەرێک بۆی هەیە دووجار داوای گەڕانەوە بۆ سیستەمی ڤیدیۆ بکات لە یارییەکدا.
لە حاڵەتە گوماناوییەکاندا، راهێنەری تیپ پێویستە بە دەستی ئاماژەیەک بۆ ناوبژیوانی چوارەم بکات و کارتێکی تایبەتی پێبدات بۆ دووبارە کردنەوەی حاڵەتەکە بۆ ناوبژیوانی یاری، ئەگەر دوای گەڕانەوە بۆ ڤیدیۆ، بڕیاری ناوبژیوانەکە گۆڕا، ئەوە دووبارە کارتەکە دەدرێتەوە راهێنەرەکە و بۆی هەیە دووبارە بەکاری بهێنێتەوە، بەڵام ئەگەر دووجار ناوبژیوان گەڕایەوە ڤیدیۆ و بڕیارەکە وەک خۆی مایەوە، ئەوە چیدیکە بۆیان نییە بەکاری بهێننەوە.
پێرلیویجی کۆلینا، بەڕێوبەری دەستەی ناوبژیوانانی فیفا رایگەیاند "ئەوەی گرنگە لەم سیستەمە ئەوەیە کە ناوبژیوانی ژووری ڤار چیدیکە پێویست نابێت، تەنیا کەسێکی تەکنیکی یارمەتی ناوبژیوانی یەکەم دەدات بۆ دووبارەکردنەوەی ڤیدیۆکان، لە هەمان کاتدا پێویست بە کامێرای زۆر ناکات"
ئەمساڵ، ئەم سیستەمە لە جامی جیهانی خانمانی خوار 20 ساڵ تاقیکرایەوە و کێشەیەکی ئەوتۆی نەبوو، لەسەر ئاستی یانەکانیش سیستەمە لە خولی ئیتاڵی پلە سێ لەژێر تاقیکردنەوەدایە.