ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. بارسێلۆنا لە سەیرانە و لووتکە لە ئیتاڵیایە


رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین یارییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگدا، بایرن میونشنی ئەڵمانی هەوڵی راستکردنەوەی دۆخی لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە دەدات. لە کاتێکدا ئاتلێتیکۆ مەدرید بەدوای ترووسکەی هیوا و هاتنە دەرەوە لەژێر گوشارەکان دەدات، کاتێک رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
 
یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ، بەڕووبەڕووبوونەوەی کلەپ بروجی بەلجیکی و ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزی دەستپێدەکات، یارییەک کە ئۆنای ئێمری دەیەوێت پێشەنگی پاڵەوانێتییەکە بەدەست بهێنێتەوە و بگاتە چوارەم بردنەوەی لەسەریەک.
 
شاختار دۆنێسکی ئۆکراینی میوانداریی یۆنگ بۆیزی سویسری دەکات و هەردوو تیپ بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییانەوە، پێویستیی زۆریان بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەوی نێوانیان هەیە.
 
لووتکەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا
 
ئینتەرمیلان، کە راهێنەرەکەی بەدووری دەزانێت تیپەکەی توانای رکابەرییکردن لەسەر نازناوی پاڵەوانێتییەکەی هەبێت، میوانداریی ئارسیناڵ دەکات.
 
هەردوو تیپ جیا لە گرتنی خانەکانی هەشتەم و نۆیەمی ریزبەندییەکە، تاوەکو ئێستا یەکسانبوونێک و دوو بردنەوەیان هەیە و ئەوەش ویستی گەورە بۆ سەرکەوتن لە یارییەکەی ئەمشەو لای هەردوو یانە دروستدەکات، لەپێناو مانەوە لەریزی هەشت یانە راستەوخۆ سەرکەوتووەکە بۆ قۆناخی شانزە.
 
ئینتەرمیلان وەرزێکی نموونەیی دەستپێکردووە لەسەر ئاستی نێوخۆی ئیتاڵیا و لە شەش یاریی رابردوودا تەنیا یەک خاڵی لەدەستداوە و تیپەکە تەنیا یەک خاڵ لە ناپۆلی پێشەنگەوە دوورە.
 
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەرمیلان لەبارەی میوانەکەی ئەمشەوەوە دەڵێ، ئەوان هەوڵدەدەن تۆڵە بکەنەوە. ئەوەش دەڵێ، کە ئارسیناڵ لە چەند ساڵی رابردوودا رکابەریی مانچێستەر سیتی کردووە لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ، هەربۆیە تیپێکی بەهێز و کاریگەرە.
 
ئارسیناڵ، وێڕای باشییەکانی سەرئاستی ئەورووپا، لە نێوخۆی ئینگلتەرا کێشەی هەیە. تیپەکە لەسەرەتای هەفتەدا بە نیوکاسڵ دۆڕاوە و لە دووایین سێ یارییدا لە خولەکە، تەنیا یەک خاڵی بەدەستهێناوە.
 
بارسا ئەرکی ئاسانە
 
بارسێلۆنای ئیسپانی، پاش درەوشانەوەی دوو هەفتەی رابردوو، شکستپێهێنانی دوو زەبەلاحی وەک بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ و ریال مەدرید لە لالیگا، سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی ئامانجیەتی بەرامبەر سرڤینیا زڤێردای سڕبی.
 
بارسا ئەرکەکەی ئاسانە، یانەی خانەخوێ سێ یاریی و سفر خاڵ بەدەستە و بەهیچ کلۆجێک پێشبینیکراو نییە ئەو تیپە بەرامبەر شەپۆلی هێرشە خێرا و مەترسیدارەکانی بارسا خۆی بگرێت.
 
لە یارییەکی دیکەدا، فاینۆر رۆتێردامی هۆڵەندی میوانداریی رێدبوڵ سالزبۆرگی نەمساوی دەکات. فاینۆرد لە دوا دوو یاریدا لە چامپیۆنزلیگ براوە بووە، لە کاتێکدا رێدبوڵ تەنیا یەک خاڵیشی لە وەرزی ئەمساڵی پاڵەوانێتییەکە بەدەستنەهێناوە.
 
ئاتاڵانتای سەرمەست بەسەرکەوتنی گەورە بەسەر ناپۆلی لەسەرەتای هەفتە لە سێری ئا، دەبێتە میوانی شتوتگارتی ئەڵمانی.
 
یانە ئیتاڵییەکە کە لە سێ یاریی یەکەمیدا دوو یەکسانبوون و سەرکەوتنێکی هەیە، ئامانجیەتی خۆی لە شکست لەم یارییەشدا بپارێزێت، لە کاتێکدا شتوتگارت سوپرایزی گەڕی پێشوو بوو بەسەرکەوتن بەسەر یوڤێنتوسی ئیتاڵی، دەیەوێت درێژە بەو هەڵچوون و تووندییە کاریگەرە بدات کە بەدەستیهێناوەتەوە.
 
سیمیۆنی رووبەڕووی ئینریکێ دەبێتەوە
 
بەیادەوەریی رۆژانی کارکردنیان پێکەوە لە لالیگا، دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی لویس ئینریکێی راهێنەری ئێستای سانجێرمان و پێشووی بارسێلۆنا ئامادەکردووە.
 
هەردوو تیپ لە چامپیۆنزلیگ لە دۆخێکی نموونەییدا نین. سانجێرمان کە لە گەڕی پێشوودا زۆر نزیکبوو لە دۆڕان بەرامبەر ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، نایەوێ لە نێو یاریگەی خۆیدا سەرکێشی بەخاڵەکانی ئەم گەڕەوە بکات و دووچاری رووگیرییەکی دیکە ببێتەوە لەبەردەمی هاندەرەکانیدا.
 
سانجێرمان لە هاوینی رابردوودا یەکێکبوو لە دەستبڵاوترین یانەکانی جیهان بەخەرجکردنی 180 ملیۆن یۆرۆ، ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە پێش ئەوەوە بوو بە خەرجکردنی 185 ملیۆن یۆرۆ. یارییەکە هەڵە لە هیچ کام لەو دوو یانەیە قبووڵ ناکات، چونکە شکست، دەبێتە بێئومێدییەکی گەورە لەبەردەم گەیشتن بەقۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئاتلێتیکۆ کە لە ساڵانی رابردوودا بەبەرگری پتە و هێرشی پێچەوانە زۆر دەستکەوتی بەدەستهێناوە، ئەمشەو کێشەی لە هێڵی بەرگرییەکەیدا هەیە بەهۆی بەردەستبوونی تەنیا سێ بەرگریکەرەوە، بەڵام سیمیۆنیی راهێنەر پێویستی بەدۆزینەوەی رێگەیە هەیە بۆ بەرگرترن لە هێرشە خێراکانی سانجێرمان، بەتایبەت لە باڵەکانەوە.
 
بایرنیش دۆزینەوەی رێگەکەی دەوێت
 
دوای شکستی کەمەرشکێنی گەڕی رابردوو بەرامبەر بارسێلۆنای ئیسپانی و دروستبوونی پرسیار لەسەر توانای ڤینسێنت کۆمپەنی لە بەڕێوەبردنی یانە باڤارییەکە، بایرن میونشن بەدوای راستەڕێکردنەوەی رێگەکەی خۆیدا دەگەڕێت.
 
بایرن میونشن لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی بێنفیکای پۆرتوگالی دەکات، تیپێک کە وەک ناو گەورە نییە، بەڵام هەموو کات توانای سەرئێشە دروستکردن بۆ گەورەکانی هەیە.
 
بایرن میونشن، تەنیا بەرامبەر بارسا نەدۆڕاوە، بەڵکو بەرلەوە، بەرامبەر ئاستۆن ڤێلاش شکستی هێناوە و نەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو، گوشاری زۆر لەسەر کۆمپەنی و یاریزانەکانی دروستدەکات.
 
بێنفیکا لای خۆیەوە کە لە گەڕی پێشوودا تاڵاوی شکستی بەرامبەر فاینۆردی هۆڵەندی چەشتووە، نایەوێت بکەوێتە نێو گێژاوی زیاتری لەدەستدانی خاڵەوە، بەتایبەت کە لە گەڕەکانی داهاتوودا، یانەکە یاریی ئاست جیاواز چاوەڕێی دەکات.
 
خشتەی سەرجەم یارییەکانی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ..
 
کڵەپ بروج - ئاستۆن ڤێلا 20:45
شاختار دۆنێسک - یۆنگ بۆیز 20:45
ئینتەرمیلان - ئارسیناڵ 23:00
بایرن میونشن - بێنفیکا 23:00
سرڤینیا زڤێردا - بارسێلۆنا 23:00
پاریس سانجێرمان - ئاتلێتیکۆ مەدرید 23:00
شتوتگارت - ئاتاڵانتا 23:00
فاینۆرد رۆتێردام - رێدبوڵ سالزبۆرگ 23:00
سپارتا پراگ - ستاد برێست 23:00