هاوژینەکەی ڤاڵڤێری هێرشدەکاتە سەر کارلۆ ئەنچیلۆتی
رووداو دیجیتاڵ
مینا بۆنینۆ، هاوژینی فیدی ڤاڵڤێردی، یاریزانی ریال مەدرید، هێرشی تووندی کردە سەر کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەکە، پاشئەوەی ریال مەدرید لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە چامپیۆنزلیگ دۆڕا.
دوێنێ شەو، لە چوارەم گەڕی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید میوانداریی میلانی ئیتاڵیی کرد و یارییەکەی بە 3 - 1 گۆڵ دۆڕاند، ریال مەدرید بەئاستێکی خراپەوە دەرکەوت و بەوەش ریال مەدرید لە کۆی چوار یاریی لە پاڵەوانێتییەکە، دوو یاریی دۆڕاند.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید لە نێوان هەردوو گێمی یارییەکەدا، ڤاڵڤێردی دانیشاند و لە شوێنی ئەو، ئێدواردۆ کاماڤینگای هێنایە نێو یارییەکەوە لە کاتێکدا ئەنجامەکە 2 - 1 گۆڵ بوو، لە بەرژەوەندیی میلان.
بۆنینۆ، لە پەیامێکدا نووسیویەتی، "ئەگەر ئەوە بڵێم کە بیری لێدەکەمەوە، دەمخەنە زیندانەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "کەی تێدەگەن، تەنیا بۆ یەکجار تێبگەن، بەڵام بۆ هەتا هەتایە، کە ئەو هەرگیز یاریزانی باڵ نییە".
پەیامەکەی بۆنینۆ، ئاراستەی راهێنەری ریال مەدریدە کە لە یارییەکەدا شوێنی یارییکردنی ڤاڵڤێردی گۆڕیبوو.
رۆژنامەڤانان هەرزوو، پەیامی هاوژینەکەی ڤاڵڤێردییان گەیاندە کارلۆ ئەنچیلۆتی، ئەو لە وەڵامدا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکە گوتی، "قورسە رای خۆم لەسەر ئەوە بڵێم کە خەڵک لە سۆشیال میدیا دەینووسن".
راهێنەری ریال مەدرید هەروەها گوتی، "ڤاڵڤێردیم دانیشاند چونکە ئەو لە رووی جەستییەوە تەواو ئامادەنەبوو، هەروەها هەندێک کێشەی هەبوو".
لە دوای شکستەکەی دوێنێ شەوەوە، ریال مەدرید بۆ پلەی 17ی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ دابەزی بەبەدەستهێنانی شەش خاڵ، لە کاتێکدا میلان بەهەمان ژمارەی خاڵ، پلەی 18ی ریزبەندییەکەی گرتووە.
ریال مەدرید بەوەرزێکی پڕ لە کێشە لە رووی ئەنجامەکانەوە تێدەپەڕێت و یانەکە لە لالیگاش، نۆ خاڵ لە بارسێلۆنای رکابەرییەوە دوورە، لە کاتێکدا یارییەک کەمتری ئەنجامداوە.