ئەنچێلۆتی کێشەی سەرەکی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە دوای دۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکەیان بەرامبەر یانەی ئەیسی میلان دەڵێت "نەمانتوانیووە لە دوو یاریی رابردوودا وەشانێکی باشی خۆمان پێشانبدەین."
 
ئەنچێلۆتی دوای دۆڕانیان بەرامبەر ئەیسی میلان بە گۆڵێک بەرامبەر سێ گۆڵ لەنێو یاریگە و هاندەرانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "قسە لەسەر سەبرگرتن و نەکردن نییە، راستییەکە ئەوەیە کە لە یاریگەدا دەبینیت، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە لە دوو یاریی رابردوودا نەمانتوانیوە ئاستی راستەقینەی خۆمان پێشکێش بکەین، بۆیە ئاساییە هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی بکەیت، چونکە دوو شەوی درێژت دەبێت، پێویستە هەموومان باشتر بیر لە شتەکان بکەینەوە، لە سێ یاریی رابردوودا 9 گۆڵمان لێکراوە، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر گەورەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێمە هێزمان لەسەر پتەویی هەموو هێڵەکان بنیادناوە."
 
راهێنەری ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "هەلی زۆرمان هەبوو، دەمانتوانی گۆڵی زیاتر بکەین، کێشەی سەرەکیمان ئەوە نییە، کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە یاریزانانی بەرامبەرمان زۆر بەئاسانی هەل دروستدەکەن و پێویستە ئەوە چارەسەر بکەین."
 
کارلۆ باسی ئەو رەخنانە دەکات کە رووبەڕووی ئەو دەکرێنەوە و دەڵێت "پێموانییە ئەمە نادادپەروەرانە بێت، چونکە ئاساییە کاتێک تیپەکەت ناتوانێت ئەنجامی باشی هەبێت، راهێنەر بەرپرسیار دەبێت، بەڵام گرنگە هەموو یاریزانەکان هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و هەموومان پێکەوە سەردەکەوین، دەبێت پێکەوە بمێنینەوەش کاتێک ئازار دەچێژین."
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی ئەیسی میلان یارییکرد، یانە ئیتاڵییەکە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆدا 3 گۆڵی لە لۆس بلانکۆس کرد و یارییەکەی بردەوە.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2020ـەوە، ریال مەدرید دوو یاریی لەسەریەک بدۆڕێنێت، لە کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا و لە چامپیۆنزلیگیشدا بەرامبەر ئەیسی میلان، جگە لەوەش بەدرێژایی وەرزی رابردوو، یانەی ریال مەدرید تەنیا دوو یاریی دۆڕاند، لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا 3 یاریی دۆڕاندووە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و هاندەران لە دۆخی یانەی شاهانە ناڕازین.