یاریزانانی لێستەر سیتی لە ژووری جلگۆڕین باسی هاوژینی هاندەرەکان دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هاندەرێکی یانەی لێستەر سیتی ئینگلیزی، سکاڵای لە کارگێڕیی یانەکە لەسەر ژمارەیەک لە یاریزانانی تیپەکە تۆمارکردووە لەبەرئەوەی پەیوەندی بەردەوام بە هاوژینی کوڕەکەیەوە دەکەن و قسەی نەشیاوی بۆ دەنووسن.
 
سکاڵاکە لە کاتێکدایە کە یانەی لێستەر سیتی، تازە گەڕاوە بۆ خولی پرێمەرلیگ، لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵدا زنجیرەیەک ئەنجامی نێگەتیڤی هەبوو.
 
لێستەر رۆژی شەممە یەکەم سەرکەوتنی لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا بەدەستهێنا بەسەر بۆرنمۆسدا، لە کاتێکدا پێشتر سێ شکست و سێ یەکسانبوونی هەبوو.
 
رۆژنامەی 'سەن'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە ئەو ژنەی نامەی یاریزانەکانی لێستەر سیتی بۆ نێردراوە، مامۆستایە و هاندەری یانەی لێستەر سیتییە، لە ماوەی رابردوودا چەندین نامەی لەلایەن یاریزانانی یانەکەوە لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە پێگەیشتووە کە بە"قێزەون' ناویبردوون.
 
وەک خەزووری ئافرەتەکە بەکارگێڕیی یانەکەی راگەیاندووە، عەبدول فەتاو ئیساهاکۆی غانایی تەمەن 20 ساڵان، چەند کاژێرێکی کەم بەر لە یاریی یانەکە بەرامبەر ئارسیناڵ لە هەفتەی شەشەمی پرێمەرلیگ کە یانەکە بە 2 - 4 گۆڵ دۆڕا، نامەی بۆ ئافرەتە مامۆستاکە ناردووە، ئەویش بەسەرسوڕمانەوە پرسیویەتی، "باشە ئەمە بۆ خۆی سەرقاڵی مەشقکردن ناکات لەبری ئەوەی لە ئینستاگرام نامە بۆ من بنێرێت؟".
 
بەپێی ئەوەی کە رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، یاریزانانی یانەکە سەرنجیان چووەتە سەر وێنەی ئافرەتەکە کاتێک لە ئینستاگرام بەدرێسی لێستەرەوە بینیویانە و ئیدی ژمارەیەکی بەرچاویان نامەیان بۆ ناردووە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە گوتوویەتی، ئافرەتەکە لەوە دەترسێت کە قسەکردن لەسەر ئەو و لەشولاری ئەو، بووبێتە باسوخواسی گەرمی نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی لێستەر سیتی.
 
ئافرەتەکە وتوویەتی، لە ئینستاگرام حەمزە شودری، ناوەڕاستکاری یانەکە چوار جار تەلەفۆنی بۆ کردووە و پاش خولەکێک داوای هاوڕێیەتی لەلایەن چەندین یاریزانی یانەکەوە بەدەستگەیشتووە.
 
ماڵباتی ئافرەتەکە بەرۆژنامەکەیان راگەیاندووە، "کێشە لەوەدانییە کە کەسێک فۆڵۆی کەسێک بکات لە ئینستاگرام، بەڵام ئەوەی یاریزانانی یانەکە دەیکەن بووەتە مایەی بێزارکردن، پێدەچێ ئافرەتەکە بووبێتە باسوخواسی نێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی یانەکە".
 
ماڵباتەکە هەروەها گوتوویانە، "لەبەرئەوەی تیپەکە لە چەندین یاریدا شکستی هێناوە و یاریزانەکان باش یاریی ناکەن، باشترە واز لەو جۆرە کردەوانە بهێنن و مێشکیان بدەنە مەشقەکان و بردنەوەی تیپەکەیان تاوەکو دۆخی یانەکە ئاسایی ببێتەوە، نەک بەشوێن ئافرەتی خەڵکەوە بن".
 
لێستەر سیتی، پاش حەوت یاری لە پرێمەرلیگی ئەمساڵ، پلەی 15ی ریزبەندی گشتیی خولەکەی گرتووە.