ڤیدیۆ؛ سەعدی ئەحمەد پیرە: مام جەلال مێسیی سیاسەت بوو

رووداو دیجیتاڵ

جوانترین شتی رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆ دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 8ـی یۆرۆی 2024، شرۆڤەکردنی یاریی تورکیا و هۆڵەندا بوو، لەلایەن سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانەوە، کە میوانی تایبەتی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024 بوو.
 
دووەم رۆژی قۆناخی 8ـی یۆرۆی 2024 گەرم و گوڕ بوو، کە تێیدا دوو هەڵبژاردەی دیکە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین و دوو هەڵبژاردەش ماڵئاواییان کرد، رووماڵی رووداویش بە میوانداری گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانەوە تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی سەعدی ئەحمەد پیرە زۆر بەباشی و بە شارەزاییەوە شرۆڤەی یۆرۆ و یاریی تورکیا وهۆڵەندای دەکرد.
 
دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون و شرۆڤەی تۆڕی میدیای رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بەردەوام بوو، و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداویش وەک هەموو رۆژێک 5 خەڵاتی بە نرخی رووداویان بردەوە.
 
ميوانی تایبەتی رووماڵەکەی رووداو لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.

 

سامان وڵاتژێری وەک هەمیشە لە رێگەی هەردوو بووڵتەنی 08:30 و 13:30ـەوە  هەموو زانیارییە پێویستەکانی سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.

 

دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو، لە چەند بووڵتەنێکی رووداودا، لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکانی یۆرۆ قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد. 
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، سەعدی ئەحمەد پیرە، سەرەتا دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ ئەو رووماڵە جوانەی بەدرێژایی یۆرۆ بۆ پاڵەوانێتییەکەی کردووە. هەروەها سوپاسی رووداوی کرد کە توانیویەتی دڵی هەزاران گەنج خۆش بکات و رووماڵی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بکات.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، باسی لەوە کرد، کە وەرزشوان نییە، بەڵام وەرزش دۆستە و بەپێی بوونی کات بایەخ بە وەرزش دەدات و بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکان دەکات.

 

 
ئەو گوتی "لەبەرئەوەی وڵاتینامەی نەمسام هەیە و لە قۆناخی رابردوودا تورکیا لە نەمسای بردەوە، حەزم دەکرد تورکیا بدۆڕێت".

 

میوانە تایبەتەکەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024 باسی شێوازی بەنێوبانگی "کوڕە شامیلە"ـی هۆڵەندای کرد و گوتی "تورکیا تیپێکی رەق و تووندە، لێدەدات، قاچ دەشکێنێت، بەڵام هۆڵەندا تیپێکی نەرمە، بە کوڕە شامیلە یاری دەکات. یاریزانەکانی رۆڵی جۆراوجۆر دەبینن و دەکرێت جارێک بەرگریکار هێرش ببات و یاریزانێکی دیکە شوێنی بگرێتەوە. هۆڵەندییەکان بە دەماری سارد و لەسەرخۆ یاری دەکەن".
 
لە دووەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 8ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و لە یاریی یەکەمدا، کە لە کاژێر 19:00 بەڕێوەچوو، سویسرا و ئینگلتەرا لەسەر یاریگەی مێرکۆر سپەیل ئارێنا لە شاری دوسێلدۆرف رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کوڕانی ساوسگەیت دوای ئەوەی کاتی یاسایی یارییەکە 1-1 کۆتاییهات، توانیان بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا کۆتایی پێبهێنن و بلیتێکی چوارگۆشەی زێڕین بەدەستبهێنن.
 
لە یاریی دووەمیشدا، کە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوو، هۆڵەندا بەرامبەر تورکیا لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپی لە شاری بەرلینی پایتەخت یاری کرد و توانی هەڵبژاردە بەهێزەکەی مۆنتێلا لە پاڵەوانێتییەکە دەربکات، دوای ئەوەی ریمۆنتادای بەسەرداکرد و ئەنجامی یارییەکەی لە 1-0 بۆ تورکیا گۆڕی بۆ 2-1 بۆ خۆی و چوارەم بلیتی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی کردە بەشی خۆی.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە هەمووان پێیانوابوو ئەمجارەش دوو یاریی بەهێز لە قۆناخی هەشتی یۆرۆدا بەڕێوەچوون، و ئاستی رکابەری تیایاندا زۆر بەهێز بوو.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە یاریی تورکیا و هۆڵەندا، پێیوابوو، هۆڵەندا بەهۆی هێمنی و کۆنترۆڵکردنی هزرییەوە توانی بەرامبەر تورکیا بگەڕێتەوە. 

 

 
ئەو گوتی "هۆڵەندا هەر لە سەردەمی یوهان کرۆیفەوە تیپێکی بەهێز بووە و بەئاسانی خۆی بەدەستەوە نەداوە، بەڵام بێ شانسیش بووە".
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، کە هاندەری هەڵبژاردەی ئیسپانیایە و حەزدەکات لارۆخا نازناوی ئەم یۆرۆیە بباتەوە، باسی باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ کرد و گوتی "کەس وەک مارادۆنا نییە، تەنانەت پێلێ بەرازیلیش".
 
هەروەها لەبارەی یاریزانەکانی ئەم دواییەش، ئەو گوتی "مێسی لە کریستیانۆ باشترە. رۆناڵدۆی دیاردەش زۆر نایاب بوو". هەروەها باسی سیاسەتیشی کرد و گوتی "مام جەلال مێسیی سیاسەت بوو".
 
ئەڵمان عارف، باسی ئینگلتەرای کرد و سەرەڕای بردنەوە و گەیشتن بە چوارگۆشەی زێڕین، لە ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە رازی نەبوو، و گوتی "نازانم ئینگلتەر چیدەکات و چۆن گەیشتووەتە ئێرە؟! تیپێکی ناڕێکخراوە و یارییەکی خراپ دەکات. جوانترین شتی ئینگلتەرا لەم پاڵەوانێتییەدا ئەوەبوو کە یاریزانەکانی لێدانەکانی یەکلاکەرەوەی زۆر جوانیان لێدا".
 
کامەران نەسرەدین، گوتی "بڕیارم دابوو ئەگەر تورکیا بباتەوە ئامادەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024 نەبم، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا تیپێکی زەحمەتە و یارییەکی زۆر باشی لەگەڵ هۆڵەندا کرد".
 
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بەڕێوەچوو.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە بەرلینەوە و دوای تەواوبوونی یاریی هۆڵەندا و تورکیا، بۆچوونی هاندەرانی هۆڵەندای وەرگرت، کە شەقەماکانی بەرلینیان بە رەنگی پرتەقالی پڕکردبوو، لە هەموو شوێنێک ئاهەنگگێڕان بوو. ئەوان قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد و پەیامەکانیان بۆ وڵاتەکەیان نارد و دووپاتیانکردەوە کە سوورن لەسەر ئەوەی ئەمجارە ببنە پاڵەوانی ئەوروپا.
 
کامێرای رووداو ئاهەنگی هۆڵەندییەکانی گواستەوە و دواتر بەشێک لەو شەڕ و گرژییەی گواستەوە کە لە نێوان هاندەرانی تورکیا و هۆڵەندادا روویدا.
 
ئەمجارە لەم رووماڵەدا، رووداو سێ خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە دووانیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە بوو، کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە خانەقین چووەتە کافتریایەک، کە ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە. لەوێ میوانداری ئاریان حەمیدی کرد، کە هونەرمەندێکی خەڵکی خانەقینە و سەرەتا گۆڕانیی 'ئاڵتۆن گرانە خانم'ـی گوت و دواتر تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی محەممەد عەلی ئاغا موراد، کە بە رووداوی گوت "بەڕاستی من بێ شەنسم، بەڵام ئەمجارە شەنسم هەبوو".
 
هەروەها پەیامنێری رووداو، عەدلە بەکر، لە کۆمەڵگای شاریا ئامادەی کافێیەک بوو، لەگەڵ کۆمەڵێک لە وەرزش دۆستان سەیری یاریی هۆڵەندا و تورکیایان کرد و دواتر تیروپشکی بۆ ئایاپادی رووداو ئەنجام دا و خەڵاتەکە بووە بەشی شەڤگیر جەمیل، کە هاندەری ئینگلتەرایە، بەڵام وەک خۆی گوتی "حەزی دەکرد هۆڵەندا لە تورکیا بباتەوە".

 

 
ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، و ئەمجارە بووە بەشی پزیشکێکی پسپۆڕ لە نەشتەرگەری گشتی، بەناوی ئەحمەد وەهبی عەبدوڵڵا لە هەولێر، کە سوپاسی رووداوی کرد و گوتی "من هاندەری هۆڵەندام".
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و کامەران نەسرەدین، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان تورکیا و هۆڵەندا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا. خەڵاتی ئەمشەوی لیرەی زێڕ، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. بۆ ئیبراهیم سەید ئەحمەد دەرچوو، کە خەڵکی هەولێرە.
  
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری فەرمانبەرێکی وەزارەتی داد دەرچوو، بەناوی سۆران سەعید عەبدوڵڵا، تەمەن 41 ساڵ، کە هاندەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە، ئەو بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.