ئێمباپێ بۆچی گۆڕانکاری پێکرا و کێ ئەو بڕیارەی داوە؟

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا، هۆکاری دانیشتنی لە یارییە گرنگەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال ئاشکرا دەکات و دەڵێت "من بە دیدێ دیشامی راهێنەرم گوت دادەنیشم".
 
لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆی 2024ـدا، هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و پۆرتوگال رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و فەرەنسییەکان بە لێدانی یەکلاکەرەوە 5-3 لە هەڵبژاردەی پۆرتوگالیان بردەوە، دوای ئەوەی کاتی یاسایی و دوو گێمی زیادکراو بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هاتن، بەڵام لەبەر لە دەستپێکردنی گێمی دووەمی زیادکراودا، کیلیان ئێمباپێ گۆڕانکاری پێکرا، کە لای هاندەرانی تۆپی پێ سەیربوو.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە بەمدواییە گواسترایەوە بۆ ریزەکانی یانەی ریال مەدرید، دوای یارییەکە دووپاتیکردەوە هەست بە ماندوێتی جەستەیی لە رادەبەدەر دەکرد، بۆیە خۆی پێیباشبووە دابنیشێت.
 
دوای ئەوەی خۆی و هاوڕێکانی توانیان هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی چارەکی کۆتایی یۆرۆ دووربخەنەوە، ئێمباپێ گوتی "دوای کۆتاییهاتنی کاتی ئاسایی یارییەکە لەگەڵ راهێنەر دیشام قسەم کرد و پێکەوە رێککەوتین کە هەوڵبدەم بەردەوام بم".
 
لە لێدوانەکەیدا، کە میدیای فەرەنسا تیشکی خستووەتە سەری، کیلیان ئاماژەی بەوەشکردووە "بەڵام لە کۆتایی گێمی یەکەمی زیادکراودا، دیدێ دیشامی راهێنەرم لەوە ئاگادارکردەوە کە چیدی هەست بەخۆم ناکەم، زۆر ماندوو بووم، ئەویش پێیگوتم باشە و گۆڕانکاری پێکردم".
 
کاپتنی کەڵەشێرەکانی فەرەنسا، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "هیوادارم بتوانم یارمەتی تیپەکەم بدەم لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر ئیسپانیا لە قۆناخی پێش کۆتاییدا، ئەوەش پەیوەستە بە منەوە و دەبێت ئاستی خۆم بەرز بکەمەوە".
 
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئاستی فەرەنسا، کیلیان گوتی "ناکرێت  قسەی بێمانا بکرێت لە کاتێکدا سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانین بەبۆنەی سەرکەوتنەوە. سبەی لە ژووری جلگۆڕین باسی ئەو بابەتە دەکەین بۆ ئەوەی شیکاری بکەین کە چی دەکەین و بەدوای چارەسەری خۆماندا بگەڕێین، بەتایبەتی هۆکاری گۆڵ تۆمارنەکردن لەگەڵ پێویستی پارێزگاریکردن لە پتەویی هێڵی بەرگریمان".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆپەی لە خولەکەکانی یەکەمی گێمی دووەمدا بەر سەری کەوتووە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ئاستی بینینییەوە هەبووە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە باشتر بووە.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، یاریزانی نوێی یانەی ریال مەدرید، گوتی "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە سەرکەوتنمان، و زەحمەتە جارێکی دیکە بەم ئاستەوە دەربکەوین، بێگومان هەوڵی چاکبوونەوە و خۆئامادەکردنی باشتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا دەدەین".