هاندەرانی رۆناڵدۆ هەموو شوێنێکی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـیان پڕکردبوو

رووداو دیجیتاڵ

یەکەم رۆژی قۆناخی 8ـی یۆرۆی 2024 جوانترین شەوی رووماڵی رووداو بوو، کە هاندەرانێکی زۆر ئامادەی بیبینی هەردوو یاریی ئیسپانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ فەرەنسا و پۆرتوگال و دواتریش بەرنامەی یۆرۆی 2024 بوون، ئەگەرچی شەوێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ هەوادارانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دوای ئەوەی کریس و هاوڕێکانی لەسەر دەستی کیلیان ئێمباپێ و هاوڕێکانی لە پاڵەوانێتییەکە دەرکران.
 
دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون و شرۆڤەی تۆڕی میدیای رووداو بۆ یۆرۆی 2024 بەردەوامە و بەشداربووانی پلاتفۆرمەکانی رووداویش رۆژانە 5 خەڵاتی بە نرخی رووداو دەبەنەوە.
 
ميوانی ئەمجارەی ستۆدیۆی یۆرۆی 2024، راگەیاندنکار و پێشکێشکاری بەتوانای تۆڕی میدیایی رووداو، سەنگەر عەبدولڕەحمان بوو، کە لە ستۆدیۆی یۆرۆی 2024ـی رووداو، لەگەڵ هاندەران سەیری یاری کرد و خەڵاتی تەلەڤزیۆنی زیرەکی رووداوی بەخشییە براوەکە.
 
سامان وڵاتژێری بە بووڵتەنی 13:30 رووماڵی یەکەم رۆژی قۆناخی 8ـی یۆرۆی 2024ـی دەستپێکرد و هەموو زانیارییە پێویستەکانی سەبارەت بە هەردوو یارییەکە بە بینەران و بەشداربووانی رووداو دا و کات و شوێنی یارییەکان بە گرافیک خرانەڕوو.
 

 

دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو، لە ئەڵمانیاوە نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری بە بینەران و بەشداربووانی رووداو گەیاند و چەند هاندەرێکی هەڵبژاردەکانی پۆرتوگال و فەرەنسا قسەیان بۆ مایکی رووداو کرد. کە زۆربەی پۆرتوگالییەکان بەرگرییان لە رۆناڵدۆ دەکرد و دەیانگوت "کریس هەر بە ژمارە یەک دەمێنێتەوە".
 
میوانی تایبەتی شرۆڤەی رووداو، سەنگەر عەبدولڕەحمان بوو، کە سەرەتای سوپاسی دێسکی وەرزشیی رووداوی کرد بۆ ئەو رووماڵەی بۆ یۆرۆ دەکات و گوتی "بەڕاستی جێگەی شانازییە کە رووداو ئەو هەموو گەنجە جوانە کۆدەکاتەوە، سوپاسی دێسکی وەرزشیی رووداو دەکەم، کە بەڕاستی کارێکی جوان و باشیان کردووە".
 
سەنگەر باسی لەوە کرد کە ئەو هاندەری فەرەنسایە، بەڵام هەمیشە حەزدەکات کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکەوتوو بێت.
 
ئەو پێشکێشکارەی رووداو، گوتی "پێشتر یاریزانێکی باش بووە و بۆ چەندین یانە و تیپی بەهێز یاری کردووە و ئیستاش هەموو رۆژێک وەرزش دەکات و ناتوانێت بەبێ وەرزش بژیت".
 
ئەو زیاتر گوتی "رۆناڵدۆ ئەگەر وەک یاریزانێکی ئاسایی سەیری بکەین هێشتا یاریزانێکی باشە، بەڵام بێگومان ئەگەر باس لە کاتی گەنجێتی ئەو بکەین، بێگومان ناتوانیت وەک جاران بێت".
 
لە یەکەم رۆژی یارییەکانی قۆناخی 8ـی یۆرۆدا دوو یاریی یەکلاکەرەوە بەڕێوەچوون، و لە یاریی یەکەمدا، کە لە کاژێر 19:00 بەڕێوەچوو، ئیسپانیا و ئەڵمانیا لەسەر یاریگەی ئێم ئێچ پی ئارێنا لە شاری شتوتگارت رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کوڕانی لویس دی لافوێنتی دوای یارییەکی زەحمەت بە ئەنجامی 2-1 بردییانەوە و تیپی خاوەن خوێ لە پاڵەونێتییەکە دوورخرایەوە، دوای ئەوەی کاتی یاسایی یارییەکە 1-1 کۆتاییهات، ئیسپانییەکان لە کاتی دووەمی زیادکراودا و لە دواخولەکەکاندا گۆڵی بردنەوەیان تۆمارکرد.
 

لە یاریی دووەمیشدا، کە کاژێر 22:00 بەڕێوەچوو، فەرەنسا بەرامبەر پۆرتوگال لەسەر یاریگەی ڤۆلکسپارگ لە شاری هامبۆرگ یاری کرد و توانی هەڵبژاردە بەهێزەکەی رۆبێرتۆ مارتینێز لە پاڵەوانێتییەکە دەربکات، دوای ئەوەی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە ئەنجامی 5-3 لێیبردەوە، پاش ئەوەی لە کاتی یاسایی و هەردوو گێمی زیادکراودا بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
 
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، کامەران نەسرەدین، ئیحسان تاهیر، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی هەردوو یارییەکەیان کرد و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو، کە هەمووان پێیانوابوو دوو یاریی بەهێز بەڕێوەچوون، و ئیسپانیا و فەرەنسا بەشایستەیی گەیشتنە قۆناخی داتر، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەڵمانیا و پۆرتوگال یارییەکەی باشیان نەکردووە.
 
ئەڵمان عارف، پێیوابوو پۆرتوگال شایەنی دەرکردن نەبوو، و گوتی "پۆرتوگال یارییەکی باشی کرد، زۆر دەرفەتی گۆڵکردنی دروست کرد، بەڵام یاریزانێکی گۆڵکاری نەبوو، هاوڕێکانی رۆناڵدۆش بەباشی تۆپیان نەدەگەیاندە کریس".
 
ئیحسان تاهیر، گوتی "ئەگەر بەدەست من بێت ناهێڵم ئەمشەو رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەر بچێتەوە پۆرتوگال، چونکە موجاملەکردنی رۆناڵدۆ لەلایەن ئەوەوەو بووە هۆکاری دەرکردنی پۆرتوگال".
 
ئیحسان گوتی "تۆ چۆن لە سێ رۆژدا لە دوو یاریی 120 خولەکیدا یاری بە رۆناڵدۆ دەکەی کە تەمەنی 39 ساڵە".
 
کامەران نەسرەدین، هاوڕای ئیحسان تاهیر بوو، و گوتی "بەڕاستی موجاملەی کریستیانۆ دەکرێت و نەدەبوو ئەو بەدرێژایی یارییەکە یاری بکات".

 

ئەو گوتیشی "پۆرتوگال باشترین یاریی خۆی لەم پاڵەوانێتییەدا کرد، بەڵام نەدەبوو رێگە بدەن یارییەکە بگاتە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە".
 
سەرمەد سامح، گوتی "راهێنەر بەهیچ شێوەیەک موجاملەی رۆناڵدۆی نەکردووا، دەبێت یاری بە رۆناڵدۆ بکات، چونکە لەو باشتر نییە".
  
دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاندەران بەڕێوەچوو.
 

وەک هەمیشە لەم رووماڵەدا، رووداو دوو خەڵاتی 'ئایپادی رووداو'ی بەخشییە بەشداربووانی، کە یەکێکیان لە رێگەی پەیامنێری رووداوەوە کە دەچێتە نێو هاندەران. یەکێکیشیان لە رێگەی پێشبڕکێیەکەوە، کە لە پەیجی رووداو سپۆرتەوە رۆژانە پرسیارێک دەکرێت و وەڵامەکەی بە کۆمێنت دەدرێتەوە و براوەکە ئایپادێک وەردەگرێت.
 
بۆ بەخشینی ئایپادی یەکەم، سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە چووەتە کافتریایەک، کە ژمارەیەکی زۆر خانم بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یۆرۆ کۆببوونەوە و تیروپشکی ئایپادی رووداوی راکێشا و خەڵاتەکە بووە بەشی شەیما حاتەم، کە حەزی دەکرد فەرەنسا بباتەوە.
 
دووەم ئایپادی رووداو، کە لە رێگەی وەڵامدانەوەی پرسیارێکی رۆژانەی رووداوەوە دەدرێت، بووە بەشی گەنجێک بەناوی رابەر عومەر لە سلێمانی.
 
پەیامنێری رووداو ئەبوبەکر ئیسماعیل، بۆ بەخشینی خەڵاتی 'مۆبایلیی زیرەکی رووداو' چووە شاروچکەی سەروچاوە، کە ژمارەیەکی زۆری هاندەران کۆببوونەوە بۆ بینینی یارییەکە. تیروپشکی خەڵاتەکە راکێشرا و خەڵاتەکە بۆ بەهێز شێرزاد دەرچوو.
 
کاژێر 21:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری، ئەڵمان عارف و حەبدولسەمەد خۆشناو، بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەیان بۆ یاریی یەکەم کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی دووەم لە نێوان فەرەنسا و پۆرتوگال کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا. خەڵاتی ئەمشەوی لیرەی زێڕ، کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە. بۆ ئەیوب مەحموود دەرچوو، کە خەڵکی سۆرانە.
  
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن. 
 
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024ـش کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بەخت یاوەری قوتابییەکی پەیمانگا  بوو، بەناوی عەلی عەبدوڵڵا جەبار، تەمەن 28 ساڵ، کە هاندەری هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، ئەو بەشداری لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـی رووداودا کردبوو.