ڤیدیۆ؛ فلامینگۆ سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یاریی لووتکەی گەڕی نۆیەمی خولی تۆپی پێی بەرازیل، فلامینگۆ بە ئەنجامی 4-1 لە ڤاسکۆ دا گامای بردەوە. کە بەر لە یارییەکە رێز لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر گیرا و هاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ ئەوە یاریزانە لە دژی رەگەزپەرستی دووپاتکردەوە.
 
لە خولەکی 13ـی یارییەکەدا ئێریک پۆلگاری یاریزانی چیلی، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ فلامینگۆی میوان تۆمارکرد.
 
تەنیا دوو خولەک دواتر، گێرسۆن گۆڵی دووەمی فلامینگۆی تۆمارکرد.
 
تیپی میوان هەر بەوەوە نەوەستا و یاریزانەکەی، پێدرۆ سوودی لە پاسێکی ئایرتۆن لوکاس وەرگرت و لە خولەکی 41 فلامینگۆی کردە خاوەنی گۆڵی سێیەم و نیوەی یەکەم بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی فلامینگۆ کۆتاییهات. 
 
لە نیوەی دووەمدا و لە خولەکی یەکەمدا ئایرتۆن لوکاس گۆڵی چوارەمیشی تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 57ـدا جایر بە لێدانی سزا گۆڵێکی بۆ ڤاسکۆ داگامای خاوەن ماڵ تۆمارکرد، بەڵام ئەوە دواگۆڵ بوو لە یارییەکەدا کە بە سەرکەوتنی فلامینگۆ بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتاییهات.
 
بەهۆی ئەو سەرکەوتنەوە، فلامینگۆ لە 9 یاریدا بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ خۆی گەیاندە پلەی پێنجەمی ریزبەندی، ڤاسکۆ داگاماش بەهۆی شکستەکەیەوە بۆ پلەی نۆزدەهەم و پێش کۆتایی ریزبەندیی دابەزی و لە کۆی 9 یارییدا تەنیا 6 خاڵی بەدەستهێناوە.