مان یونایتد گۆڵبارانکرا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی مانچێستەر یونایتد بووە میوانی کریستاڵ پاڵاس و تووشی شكستێکی سەخت هات.
 
لە میانی یارییەکانی گەڕی 36ـی پرێمەرلیگ، یانەی کریستاڵ پاڵاس لە نێو یاریگەی سێڵهەرست پارکدا میوانداری مانچێستەر یونایتدی کرد. 
 
پاڵاس هەر لە سەرەتاوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە خولەکی 12، لە رێگەی مایکڵ ئۆلیسێوە گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد. 
 
هێرشەکانی پاڵاس بەردەوامیان هەبوو، لە خولەکی 40، ژان فیلیپێ ماتێتا گۆڵی دووەمی یانەکەی تۆمارکرد و جیاوازییەکەی زیاتر کرد. 
 
لە گێمی دووەمدا، پاڵاس دووبارە چەندین هەلی گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، تاوەکو لە خولەکی 58، تایریک میشێل گۆڵی سێیەمی یانەکەی تۆمارکرد. 
 
پاڵاس بەوەندە رازی نەبوو و لە هێرشەکانی بەردەوامبوو، لە خولەکی 66، جارێکی دیکە ئۆلیسێ دەرکەوتەوە و گۆڵی دوومی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد، یارییەکە بە ئەنجامی چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی کریستاڵ پاڵاس کۆتایی هات. 
 
بەم بردنەوەیە، پاڵاس ژمارەی خاڵەکانی بۆ 43 خاڵ بەرزکردەوە لە پلەی چواردەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ مایەوە، مان یونایتدیش 54 خاڵی هەیە و لە پلەی هەشتەمە.