یۆرۆپالیگ.. یانەکانی پرێمەرلیگ دەیانەوێت سیناریۆی 2019 دووبارە بکەنەوە

رووداو دیجیتال

داوی ئەوەی مانچێستەر سیتی و چێڵسی خۆیان گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ڤیاڕیالی ئیسپانی دەبێتە تاکە بەربەست لەبەردەم دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2019 کە 4 یانەی ئینگلیزی گەیشتنە هەردوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ، کاتێک لیڤەرپوول لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە تۆتێنهامی بردەوە و ئارسیناڵیش لە فایناڵی یۆرۆپالیگدا بەرامبەر چێڵسی تووشی شکست بوو.

ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆپالیگ بەڕێوەدەچن، کە لە یەکەمیاندا ئارسیناڵی ئینگلیزی میوانداری ڤیاڕیالی ئیسپانی دەکات و لە یاری دوومیشدا مانچێستەر یونایتد ئینگلیزی دەبێتە میوانی رۆمای ئیتالی.

وادیاربوو وەرزی کارەساتاوی ئارسیناڵ لە چوارگۆشەی زێڕینی یۆرۆپالیگدا کۆتایی پێبێت دوای ئەوەی لە خولەکی 57ـی یاریی چووندا بە 10 یاریزانەوە بەرامبەر ڤیاڕیال یاریکرد بەهۆی دەرکردنی دانی سیبایۆس بە کارتی سوور، کە ئەوکات بە دوو گۆڵ لەدواوەبوو،  بەڵام گۆڵێکی بەنرخی نیکۆلا پێپێ هیواکانی بە زیندوویی هێشتەوە لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی.

ئارسیناڵ لەم وەرزەدا نۆیەمینی پرێمەرلیگە و پێناچێت لەک ۆتاییشدا یەکێک لە کورسییەکانی ئەوروپا بەدەستبێنێت، بەڵام بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگ بۆ یەکەمجار دەیگەڕێنێتەوە چامپیۆنزلیگ، کە لەدوای وەرزی 2016 - 2017ـەوە نەیبینیوە.

تیپەکەی میکێل ئارتێتای وەرزی رابردوو نازناوی جامی ناوخۆیی بردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لەوەی بیکاتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی تیپێکی بەهێز، کە پێنجەم وەرزە بەدوای یەکەوە خۆی لە دەرەوەی بیگ فۆڕ دەبینێتەوە.

ئونای ئیمری، راهێنەری ڤیاڕیال وەک رکابەر دەگەڕێتەوە یاریگەی ئیمارات، دوای ئەوەی وەرزێک و چوار مانگی لە سەرکردایەتیکردنی ئارسیناڵ بەسەربرد، بەرلەوەی لە تشرینی دووەمی 2019 دەریبکەن، کە باشترین دەستکەوتی گەیاندنی گانەرزبوو بە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی 2019 کاتێک بەرامبەر چێڵسی دۆڕان.

ئیمری پسپۆرە لە یۆرۆپالیگ، کە لەگەڵ سێڤییای ئیسپانیدا 3 ساڵ بەسەریەکەوە نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە.

ئارسیناڵ هێشتا هیوای هەیە لەنێو ئیماراتدا بگەڕێتەوە، بەتایبەتیش کە گەڕانەوەی پیێر ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنی، دوای چاکبوونەوەی لە مەلاریا دەبێتە هۆکارێک بۆ  بەرزبونەوەی ورەی هاوڕێکانی، کە لە یاریی چووندا بەشداری نەکرد، ئەگەرچی یانە لەندەنییەکە لە تواناکانی داڤید لویز بێبەش دەبێت، بەهۆی پێکانەوە.

یونایتد لە دەرگای فایناڵدایە

لە کاتێکدا هاندەرانی ئارسیناڵ و ڤیاڕیال چاوەڕێی ئێوارەیەکی سەخت دەکەن، مانچێستەر یونایتد تا راددەیەک ئاسوودەیە و بەبێ ترس رووبەڕووی رۆما دەبێتەوە، بەو پێییەی لە یاریی چووندا 6 - 2 لێیبردووەتەوە و زۆر نزیکە لە گەیشتن بە فایناڵی ئەو پاڵەوانێتییەی کە لە 2017 نازناوەکەی بەدەستهێناوە.

شەیتانە سوورەکان لە نیوەی یەکەمی یاریی چووندا لە ئۆڵدترافۆرد خۆیان لە قەیراندا دۆزییەوە، کاتێک 1 - 2 لەدواوەبوون، بەڵام نمایشێکی سەرسوڕهێنەر لە نیوەی دووەمدا بەسەرکردایەتی ئێدینسۆن کاڤانی و برۆنۆ فێرناندێز، کە هەریەکەیان دوو گۆڵ و دوو ئاسیستی هەبوو، 5 گۆڵی دیکەیان لە یانەکەی پایتەختی ئیتالیا کرد.

ئەو ئەنجامە گەورەیە وای لە ئۆلی گونار سۆلشایەری راهێنەری نەرویجی شەیاتە سوورەکان نەکردووە، تووشی لەخۆباییبوون ببێت و دووپاتیکردەوە کە هێشتا ئەرکەکەیان کۆتایی پێنەهاتووە و پەیامی هۆشداری دایە یاریزانەکانی، کاتێک گوتی "نابێ ئەوە لەبیربکەین کە یانەی رۆما ریمۆنتادای بەسەر بارسێلۆنادا کردووە".

خودی پاولۆ فۆنسیکای راهێنەری رۆماش بەنیاز نییە وا بەئاسانی ئاڵای خۆبەدەستەوەدان بەرزبکاتەوە و لە پرێسکۆنفرانسی بەر لە یارییەکەدا گوتی "بردنەوە لە مانچێستەر یونایتد بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر زەحمەتە، بەڵام مەحاڵ نییە".