کەریم بنزیما هاندەران و هاوڕێکانی تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

کەریم بنزیمای فەرەنسی، هێرشبەری یانەی ئیتیحاد جددەی سعودی، ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو رەخنە زۆرانەی کە ئاراستەی دەکرێن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ تیپەکەی گۆڵ تۆمار ناکات و گوتی "ئیتیحاد ریال مەدرید نییە، یاریزانانی ئیتیحادیش یاریزانانی ریال مەدرید نین تاوەکو من بەردەوام گۆڵ تۆمار بکەم".
 
یانەی ئیتیحاد بەبێ گۆڵ لەگەڵ یانەی تەعاون یەکسان بوو، لە گەڕی 27ـی خولی رۆشنی سعودیدا، و پلەی چوارەمی خۆی لە ریزبەندیی خولەکەدا بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ پاراست، لە کاتێکدا تەعاون پلەی پێنجەمی گرتووە و بە جیاوازی گۆڵ لە دوای ئیتیحادە.
 
بنزیما لە لێدوانەکانیدا بۆ بەرنامەی 'ئاکشن لەگەڵ وەلید' گوتی "ئێمە لەگەڵ تەعاون یەکسان بووین، چونکە تیپێکی باشن، هەموو شتێکمان کرد بۆ ئەوەی گۆڵ و سەرکەوتن بەدەستبهێنین، بەڵام رووبەڕووبوونەوەیەکی قورس بوو بۆ ئێمە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا، کەریم بنزیما گوتی "یارییەکانمان لە جامی سوپەر قورس نییە و تاوەکو کۆتایی دەجەنگین، هەوڵی سەرکەوتن دەدەین بۆ ئەوەی بگەینە یاریی کۆتایی، یارییەکە لە کۆتایی وەرزدا دەبێت و بەدەست کەمیی یاریزانانەوە دەناڵێنین".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "نازانم چی بە هاندەران بڵێم، بەڵام پێویستمان بە هاندەرانی خۆمانە و دەبێت باوەڕمان بەخۆمان هەبێت، راستە ماوەیەک گۆڵم تۆمارنەکردووە، بەڵام لە هەموو یارییەکدا هەوڵدەدەم، بەردەوامیش دەبم لە هەوڵدان تاوەکو دەتوانم گۆڵ تۆماربکەم. بۆ من ئەوەی گرنگترە لە گۆڵکردن بردنەوەیە".
 
کاتێکیش پرسیاریان لێکرد، بنزیمای ئیتیحاد هەمان بنزیمای ریال مەدرید نییە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بێگومان، چونکە ئیتیحاد ریال مەدرید نییە. یارییەکان جیاوازن و یاریزانەکانیش جیاوازن، پێویستم بە هاوکاری هاوڕێکانمە لە یاریگەدا، ناتوانم بە تەنیا سەرکەوتن بەدەستبهێنم، پێویستم بە یاریزانی دیکە و منیش هەیە پێویستی بە زۆر شت هەیە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "بارودۆخی ئێرە جیاوازە، ئەمە یەکەم بەشداریکردنمە لە خولی سعودیە، هیوادارم وەرزەکە بە باشی کۆتایی پێبهێنم، هیوادارم سەرکەوتن بەدەستبهێنم".
 
کەریم لە کۆتاییدا گوتی "ناتوانم ئێستا باسی داهاتووی خۆم بکەم، هەموو رۆژێک هەواڵی گواستنەوەم هەیە، گرنگ ئێستا ئەوەیە کە من لێرەم، و دەبینین لە داهاتوودا چی روودەدات".