کاردانەوەکانی جیهانی تۆپی پێ بۆ بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

جیهانی تۆپی پێ کاردانەوەی جیاوازی بەرامبەر ئەو بوومەلەرزەیە هەبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریای گرتەوە و تاوەکو ئێستا زیانی زۆری لەو ناوچانەدا لێکەوتووەتەوە کە بوومەلەرزەکە گرتوونیەتییەوە.
 
بوومەلەرزەکە بەهێز بوو هێزەکەی 7.8 پلەی رێختەر بوو، زۆرینەی شارەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریاشی گرتەوە و تاوەکو ئێستا سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران باڵەخانەش رووخاون و کاری تیمەکانی فریاکەوتن بۆ رزگارکردنی ئەوانەی بوون بە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکانەوە بەردەوامە.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پاڵەوانی ئەوروپا، لە بڵاوکراوەیەکدا لە ماڵپەری خۆی رایگەیاند "ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی و ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکە دڵتووندی و هاوکاریی خۆیان بۆ ئەو کارەساتە دەردەبڕن کە تورکیا و سووریای گرتەوە بەهۆی بوومەلەرزەوە".
 
یانە ئیسپانییەکە هەروەها دەڵێ "یانەکەمان سەرەخۆشی و خۆشەویستی خۆی بۆ کەسە نزیکەکانی قوربانییەکان دەردەبڕێت و هیواخوازە بریندارەکان بەزووترین کات چاکببنەوە".
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش لە بڵاوکراوەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ تورکیا و سووریا دەربڕی و تێیدا هاتووە "بیرکردنەوەی یۆفا و کۆمەڵگەی تۆپی پێی ئەوروپی لەگەڵ گەلی تورکیا و سووریا و هەموو زیانمەندانی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆن".
 
تریزیگێ، کە یاریزانێکی میسرییە و لە یانەی ترابزۆن سپۆر یاریدەکات، لە ئینستاگرام پشتگیری خۆی بۆ تورکیا دەربڕی و نووسی، لەپێناو تورکیادا نزا بکەن.
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لای خۆیەوە لە تویتەری خۆیدا دڵتووندی زۆری خۆی بۆ کارەساتەکە دەربڕی، هەروەها دەڵێ "بارسێلۆنا سەرەخۆشی لە خێزان و هاوڕێی قوربانییەکان دەکات کە لە بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی تورکیا و سووریادا گیانیانلەدەستدا، هیوادارین بەزوویی بریندارەکان چاک ببنەوە".
 
یانەی رۆمای ئیتاڵی لە تویتەری خۆی، نووسیویەتی "هەموو دڵ و نزاکانمان لە یانەی رۆما بۆ زیانمەندانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە لە تورکیا و سووریا دەبێت".
 
لەلای خۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا رایگەیاند سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بە خولە نێوخۆییەکان وڵات رادەگیرێن بەهۆی بوومەلەرزەکەوە.. محەمەد کساب ئۆگڵو، وەزیری وەرزشی تورکیا لای خۆیەوە رایگەیاند، هەموو چالاکییەکی وەرزشی دەستبەجێ رادەگیرێت، بە خولی تۆپی پێی وڵاتیشەوە.
 
ئۆگڵو زیاتر گوتوویەتی "هەموو چالاکییەکی وەرزشی لە وڵاتەکەماندا تاوەکو داهاتووی نادیار دوادەخرێت".
 
دوای راگرتنی یارییەکانی خولی نێوخۆی تورکیا تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو یانانە وڵاتەکە دیارنییە کە لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا بەشدارن، ئایا یارییەکانی داهاتوویان ئاسایی ئەنجامدەدەن یان دوایدەخەن.
 
یانەی فەنەربەخچە بۆ قۆناخی دووەمی یۆرۆپالیگ سەرکەوتووە، بەڵام لە قۆناخی پلەی ئۆفی پاڵەوانێتییەکەدا بەشداری ناکات، چونکە یەکەمی کۆمەڵەکەی بووە بەڵام ئەو یانە رۆژانی 9 و 16ی ئاداری داهاتوو لە چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا یاری هەیە.
 
هەمان دۆخ رووبەڕووی هەردوو یانەی ئیستەنبوڵ باشاک شهیر و سیڤ سپۆر دەبێتەوە، کە لە خولی کۆنفرانسلیگدا بەشدارن.