ڤیدیۆ؛ کارلۆ ئەنچێلۆتی: ئەمشەو دەبەینەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دڵنیایە کە ئەمشەو تیپەکەی لە جامی سای ئیسپانیادا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، دەشڵێت "من داوای هیچی دیکەم لە سەرۆکی یانەکە نەکردووە جگە لەوەی کە پێمدەبەخشێت، چونکە ئەو هەموو شتێکم پێدەبەخشێت".
 
ئەمشەو کاژێر 23:30 یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 32ـی جامی شای ئیسپانیادا دەبێتە میوانی یانەی ئاراندینا و هەوڵ دەدات بە کەمترین کۆشش ئەو یارییە بباتەوە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا گوتی "بێگومان زۆر متمانەم بە بردنەوە هەیە، چونکە ئێستا تیپەکەمان بەتەواوی ئامادەیە و پاڵنەرێکی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن. ئێمە زۆر بە جددی سەرنجمان لەسەر ئەم یارییەی جام و لەسەر ئەم پاڵەوانێتییە دەبێت، کە ساڵی رابردوو زۆر دڵخۆشی کردین".
 
سەبارەت بە جود بێلینگهام؟ کارلیتۆ گوتی "جود ناچاربوو خۆی لەگەڵ کلتوورێکی نوێ و زمانێکی نوێدا بگونجێنێت و ئەو کارەی زۆر بەباشی کرد، ئەمەش بۆ تیپەکە باشە. من ئەو بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکان دەزانم".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدی کرد و گوتی "من داوای هیچی دیکەم لە سەرۆکی یانەکە نەکردووە جگە لەوەی کە پێمدەبەخشێت، چونکە ئەو هەموو شتێکم پێدەبەخشێت، پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵیدا هەیە. بەڕاستی زۆر سەرسامم پێی".
 
سەبارەت بە ڤینیسیۆس جونیۆریش، ئەنچێلۆتی گوتی "ڤینیسیۆس یاریزانێکی پیشەگەرە، زۆر جددییە بەرامبەر بە کارەکانی، بەوپەڕی جددی و خۆڕاگرییەوە مامەڵەی لەگەڵ پێکانەکەیدا کردووە، بۆیە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر و خێرا چاکبووەوە".