مانچێستەر سیتی پاکسازی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی مانچێستەر سیتی بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوودا، پڕۆسەیەکی پاکسازی لە ریزەکانیدا دەستپێبکات، لەپێناو بەڕێکردنی چوار یاریزانی یانەکە.
سیتی لە هەفتەکانی رابردوودا دۆخێکی خراپی هەبوو، لە حەوت یاریدا هیچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێنا، بەڵام دوێنێ شەو لە نۆتێنگهام فۆرێستی بردەوە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەکە بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوودا چوار یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی بفرۆشێت، لەپێناو نوێکردنەوەی تیپەکە و هێنانی یاریزانی نوێ.
راپۆرتەکە زیاتر دەڵێ، کارگێڕیی مانچێستەر سیتی دانیبەوەداناوە کە لە ساڵانی رابردوودا وەک پێویست پێکهاتەکەی ئەپدەیت نەکردووەتەوە و هەرئەوەش هۆکارە بۆ بڕیاری دەستکاریکردنی پێکهاتەی یانەکە لە هاوینی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەداوە کە هاوینی داهاتوو، مانچێستەر سیتی هەریەکە لە کیڤن دیبرۆین، کایل واکەر، ئیدێرسن و جاک گریلیش دەفرۆشێت.
لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا گرێبەستی دیبرۆین کۆتایی دێت، لە کاتێکدا واکەر و ئیدێرسن لە هاوینی 2026 گرێبەستەکانیان کۆتایی دێت و جاک گریلیشیش گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتایی دێت.
مانچێستەر سیتی پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە بەکۆکردنەوەی 26 خاڵ.