رووداوێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو لە خولی عێراق روودەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق رووداوێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو روویدا و یانەی کارەبا تیپەکەی دەکاتە دووبەش، لوئەی سەڵاحی راهێنەری ئەو یانەیەش لە رێگەی رووداوەوە رەخنە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەگرێت.
لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی کارەبا لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیپەکەی کردووەتە دووبەش، بۆ ئەوەی بتوانن هەم لە جامی یەکێتیی ئاسیا یاریی بکەن، هەمیش لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
راهێنەری یانەی کارەبا، لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت "تیپی سەرەکی یانەکەم لە بەسرەن و ئوسامە عەلی سەرپەرشتیان دەکات، بۆ ئەوەی خۆیان بۆ یاریی بەرامبەر ئەهلی حەلەب لە جامی یەکێتیی ئاسیا ئامادەبکەن، بەشەکەی دیکە من سەرپەرشتیان دەکەم و لە رێگەین بەرەو سلێمانی بۆ ئەوەی خۆمان بۆ یاریی بەرامبەر نەورۆز ئامادەبکەین."
لوئەی لەبارەی قەرەباڵخیی خشتەی یارییەکان گوتی "تێناگەم بۆچی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق جیاکاری لەنێوان یانە جەماوەرییەکان و یانەکانی دیکە دەکات، بۆچی دەبێت یاری بۆ جەوییە و زەورا دوابخرێت، بەڵام بۆ ئێمە دواناخرێت، خشتەی یارییەکان زۆر قورسە، یاریزانەکان زیاتر لەنێو پاسدا دەبینم وەک لە نێو یاریگەدا و هەلی مەشقدانەوە بە یاریزانەکان زۆر کەمە و ناتوانم بەتەواوی پلانەکانیانم بۆ شرۆڤەبکەم."
راهێنەری یانەی کارەبا زیاتر بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی ناوبژیوانەکانی ئەم وەرزەی خولی عێراق وەکو پێویست نین، لە یارییەکانی ئێمە بەرامبەر هەردوو یانەی کەرخ و هەولێر، دوو لێدانی سزا بەهەڵە لە دژی تیپەکەم هەژمارکراون و بەو هۆیەوە خاڵی یارییەکانمان لەدەستداوە.
لوئەی سەڵاح، لەبارەی سکاڵاکەی لەسەر یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەو پارەیەی من کە لەلای یانەی هەولێر بۆ نیوە کەمکردەوە، یانەی هەولێر سکاڵای لەسەر من تۆمارکردووە، بەبیانووی ئەوەی کە نابێت ئەو پارەیەشم بدەنەوە."
قسەکانی لوئەی سەڵاح لەبارەی دابەشکردنی تیپەکەی بۆ دووبەش لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی داهاتوو کارەبا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە میوانی یانەی نەورۆز، رۆژی دووشەممەی داهاتووش لە جامی یەکێتیی ئاسیا لە بەسرە بەرامبەر یانەی ئەهلی حەلەبی سوری یاریی دەکەن.
لوئەی سەڵاح سکاڵایەکی لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە، کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئەو لە یانەی هەولێر داوای دەکات دەگاتە 430 ملیۆن دینار، بەڵام ئێستا داوای نیوەی پارەکەی دەکات.