ئەمڕۆ دالکورد بۆ نووسینەوەی مێژوو یارییدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دالکورد گرنگترین یاریی خۆی لەم وەرزەدا ئەنجامدەدات و نزیکە لە بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی گەورە.
 
دالکورد لە دوایین یاریی خۆیدا لەم وەرزەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گایس یارییدەکات، کاتێک کاژێر 18:00 لە دووەم یاریی قۆناخی پلەی ئۆفدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو یانەیەی دەگاتە خولی پلە یەکی سوێد.
 
دالکورد لە یاریی چووندا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یاریگەی خۆیدا بردنەوەی تۆمارکردووە، لەم یارییەدا هەلێکی زیاتری لە رکابەرەکەی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە خولی پلە یەکی سوێد ناسراو بە سوپێرتان، لەکاتێکدا یانەکە بە یەکسانبوون و بردنەوە دەتوانێت ئەم دەستکەوتە مێژوویە بۆ خۆی تۆماربکات.
 
یاریزانانی دالکورد لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ئامادەکارییەکی باشیان بۆ یارییەکە کردووە، ساموێل ئیزینتیۆمی، یاریزانی سوێدی یانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ورەی یاریزانەکانمان زۆر بەرزە و لە یارییەکەدا بۆ بردنەوە یارییدەکەن بۆ ئەوەی ئەو رێگەیە تەواوبکەن کە لەسەرەتای ئەم وەرزەوە گرتوویانەتەبەر."
 
دالکورد لە ساڵی 2016 بۆ یەکەمجار بەشداریی لە خولی پلە یەکی سوێددا کرد، دوای دوو وەرز یارییکردن لە خولە لە ساڵی 2018 بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە لووتکەی خولی سوێد و بەشداریی لە ئالسڤێنسکاندا کرد، بەڵام تەنیا یەک وەرز لەو خولە مایەوە و پاشان بۆ خولی پلە یەک و دوای ئەویش بۆ خولی پلە دووی ناسراو بە ئێتان نۆرا دابەزی.
 
یانە کوردییەکەی سوێد لەم وەرزەدا لە خولی ئێتان نۆرا، پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەک پێویستە دوو یاریی بەرامبەر خاوەنی پلەی چواردەیەمی سوپێرتان بکات، کە بۆ ئەم وەرزە یانەی گایس لەو پلەیە بوو، لە یاریی یەکەمدا دالکورد بە 2-1 بردنەوەی تۆمارکردووە و یاریی دووەمیش ئەمڕۆ ئێوارە دەکرێت.