پارێزگاری هەولێر: شەڕی دوای یاریی هەولێر و شورتە پەیوەندیی بە ئاڵای عێراقەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رەتیدەکاتەوە لە شەڕ و ئاژاوەی دوای یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و شورتە، هیچ کەسێک کوژرابێت و دەڵێت " بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە ئاڵای عێراق و سیاسەتەوە نییەوە."
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هیچ کەسێک لە شەڕی نێوان هاندەرانی یانەی هەولێر و شورتە، نەکوژراوە، سوکایەتی بە کەس نەکراوە و دوور و نزیک دەست بۆ ئاڵای عێراق و کوردستان نەبراوە.
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "خۆمان لە یاریگە ئامادەبووین، بەشێکی هاندەرانی شورتە چەند کورسییەکی نێو یاریگەیان شکاند، ئەمەی کە روویداوە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانیش هەیە و شتێکی چاوەڕوانکراوە لە تۆپی پێدا، ئەوەی کە روویداوە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەت، هەولێر و ئاڵاوە نییە، کارگێڕیی یانەی هەولێر تاوەکو بەڕێکردنیان لە فرۆکەخانە لەگەڵ دەستەی هاندەران و یانەی شورتە بوون و بەڕێزەوە بەڕێکراون و ئەوەی کە روویداوە تەنیا رووداوێک بووە لەنێو هاندەران."
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر "بابەتەکە زۆر بەلارێدابراوە و هەندێک کەناڵ وایان بڵاویانکردووەتەوە کە کوژراو لە شەڕەکەدا هەبووە، بەڵام ئەمە رەتدەکەینەوە، رەنگە هەندێک کەس شتێکیان بەرکەوتبێت، یانیش زیانیان پێگەیشتبێت، بەڵام ئەمە تەنیا لە یانەی شورتەوە نەبووە، بەڵکو لە هەردوولاوە بووە."
لەلایەن خۆیەوە یانەی هەولێر بەهۆی ئەو رووداوانەی دوای یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شورتە روویاندا، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت " هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵکردنی ئاڵای عێراقەوە نەبووە."
وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هاندەرانی یانەی شورتە چەند کورسییەکی هاندەرانیان شکاند، دوای ئەوەی تیپەکەیان لە یارییەکەدا دۆڕا و یاریزانان و هاندەرانی یانەی هەولێر ئاهەنگیان دەگێڕا.
سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت " هەر زوو پۆلیس هاتووەتە نێو شەڕەکە بۆ ئەوەی گرژیی نێوان هاندەران کۆنتڕۆڵ بکات."
بەپێی قسەی وەلید عارەب، ئەوەی لە دوای یارییەکە روویدا شەڕی هاندەران بووە، هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵکردنی ئاڵای عێراقەوە نەبووە، دووپاتیشیدەکاتەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بابەتەکە بەلایەکی دیکەدا ببرێت و راستیەکان بشێوێندرێن."
سەرۆکی یانەی هەولێر دەڵێت " یانەی شورتە لەبەرامبەر شکاندنی پەیژەکانی یاریگە داوای لێبوردنیان لە یانەی هەولێر کردووە، ئەوانیش داواکەیان قبوڵکردووە و کێشەکەش بەشێوەیەکی هێمنانە چارەسەکرا."
ئەمە لە کاتێکدایە یانەی شورتە لە راگەیاندراوێکدا کە لەسەر پەیجەکەی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری ناوخۆ، وەزیری وەرزش و لاوان، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی و کەسایەتییە سیاسی و وەرزشییەکانی عێراق دەکات رێکاری یاسایی بگیرێتەبەر، بەرامبەر ئەوەی لە دوای یارییەکە روویدا کە گوایە سوکایەتی بە ئاڵای عێراق کراوە، بەڵام سەرۆکی هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەو بابەتە پەیوەندیی بە هەڵکردنی ئاڵای عێراقەوە هەبووبێت.
یانەی شورتە راگەیاندراوێکی لەبارەی شەڕەکەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت " داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین ئەم گاڵتەجاڕییە راگرێت.
راگەیێندراوی یانەی شورتەی
بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق
بەڕێز وەزیری ناوخۆ
بەڕێز وەزیری لاوان و وەرزش
بەڕێز سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق
ناوەندەکانی (وەرزش، راگەیاندن، سياسەت و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای عێراقی پاڵەوان)
ئاڵای عێراق ئەمانەتە لە ئەستۆی ئێوە
دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشیی شورتە ئەم بانگەوازە بەپەلەیە بە هەمووتان رادەگەینێت بۆ راگرتنی ئەو گاڵتەجاڕییەی روویداوە و بەردەوامیش لە یەکێک لە شارەکانی عێراقی خۆشەویستمان (پارێزگای هەولێر) روودەدات، کە هەندێک لە هاندەرانی یانەی هەولێر هەستاون بە دەستدرێژیکردنە سەر کارگێڕیی و جەماوەری یانەکەمان و دڕاندنی ئاڵای عێراقی خۆشەویست بە بەرچاوی هەموو بەرپرسانی پارێزگاکەوە، کە ئەم دیاردەیە وایلێهاتووە لە هەموو بۆنە وەرزشییەکاندا دووبارە دەبێتەوە، بێئەوەی کەسێک هەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکات.
بۆیە و لەپێناو رێگەگرتن لە کێشەیەک لە دواڕۆژدا. کە بەرگەی پەرچەکردار و ئەنجامەکانی نەگیرێت، بەرپرسیاریەتی سەلامەتی و ئاساییشی جەماوەر و تیپی یانەکەمان دەخەینە ئەستۆی بەرپرسانی هەرێم، کە تاوەکو ئێستاش یاریزانەکانمان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ماوەتەوە.
داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ دەرخستن و سەرخستنی هەق، نابێت کەمتەرخەمی بکات لە یەکلاکردنەوەی پرسەکە، کە بەپێچەوانەی ئەوەوە، ئێمە وەک کارگێڕیی یانەکەمان هەڵوێستی یاساییمان دەبێت لە بەرامبەر هەموو ئەو دەرئەنجامانەی روویانداوە.