بۆندسلیگا.. بایرن میونشن و بۆروسیا دۆرتمۆند ئەرکییان زەحمەتە

لە هەفتەیەکی نوێی رکابەرییەکانی بۆندسلیگای ئەڵمانیادا، چاوەکان دەچنەوە سەر دوو یاری بەهێز و پڕ رکابەری، کاتێک چوار یانەکەی پێشەنگی خولەکە لە دوو یاری جیاوازدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەرییەکانی خولەکە گەرمتر دەکەن.

بایرن میونشنی پێشەنگی خولەکە کە لە هەنگاوە خێراکانی بەرەو نازناوی وەرزی ئەمساڵ بەردەوامە، لە دەرەوەی یاریگا و دوور لە هاندەرانی دەبێتە میوانی بۆرووسیا میونشنگلادباخ، بایرن لەم وەرزەدا تاکو ئێستا لە چواردە یاری رابردوودا تووشی هیچ شکستێک نەبووە، لە کاتێکدا 13 یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکیشدا یەکسانبووە، بەڵام یارییەکەی ئەمجارەی لەیارییەکانی دیکەی جیاوازە و رووبەڕووی یانەیەک دەبێتەوە کە وەرزی رابردوو لە نێو یاریگا و هاندەرانیدا پێی دۆڕاوە، بەڵام ئاستی بەرزی یاریزانەکانی یانەکە و سەرەتای باشی ئێف سی هۆلیۆود لە خولەکە، پێدەچێت ئەو نەخاتە ئەندێشەی یاریزانەکان کە لە دەرەوەی یاریگا و دوور لە هاندەرانیان یاریدەکەن.

بۆرووسیا میونشنگلادباخی چوارەمی ریزبەند، بە ئۆمێدی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنی وەرزی رابردووی میوانداری باڤارییەکان دەکات و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە بەرەو لوتکەی خولەکە بهاوێژێت، لە کاتێکدا یانەکە ئەم وەرزە 7 یاریی بردووەتەوە، چوار یەکسانبوون و خاوەنی 3 شکستە.

یارییەکی دیکەی شەوی پڕ رکابەری ئەڵمانەکان رووبەڕووبوونەوەی زەردەواڵەکانی دووەمی ریزبەندی خولەکە و فۆڵفسبۆرگی سێیەم دەبێت لە یاریگای ڤۆڵگسڤاگن ئارێنا.

بۆرووسیا دۆرتمۆند ئەم وەرزە بەسەرپەرشتی تۆماس توخێل، ئاستێکی بەرز پێشکەشدەکات و پیێر ئۆبامیانگ و هاوڕێکانیشی رۆژ لە دوای رۆژ لە گەشانەوەی زیاتردان، بەڵام ئەوەی ئەرکی دۆرتمۆند زەحمەت دەکات یاریگا و هاندەرانی فۆڵفسبۆرگە، لە کاتێکدا یانەکە نایەوێت جیاوازی نێوانیان لەگەڵ دۆرتمۆند زیاتربێت و دەیانەوێت بردنەوەیان لە یارییەکەدا بکەنە هەنگاوێک بۆ وەرگرتنی پلەی دووەم و خۆ نزیکردنەوە لە پلەی یەکەم.